ئادار 29, 2025 13:51 Asia/Tehran
  • خەڵەفان (٢)؛ جۆرەکانی خەڵەفان: سەرەتایی و دووەمی

هەر وەکوو لە بەشی یەکەم ئاماژەماان پێ کرد، خەڵەفان یان تێکچوونی بیر دەستەواژەیەکی گشتگیرە بۆ وەسفکردنی کۆمەڵێک نیشانە کە بەتوندی کار لە یادەوەری، بیرکردنەوە، ڕەفتار و توانا کۆمەڵایەتییەکانی تاک دەکەن، بەڕادەیەک کە ژیانی ڕۆژانەی پەک دەخەن. خەڵەفان نەخۆشییەکی دیاریکراو نییە بەڵکوو کۆمەڵە نەخۆشییەک دەگرێتەوە کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی توانای مێشک.

خەڵەفان بەپێی هۆکارەکانی دابەش دەبێت بۆ سێ کۆمەڵە:

 

  •     خەڵەفانی سەرەتایی: ئەو نەخۆشییانە دەگرێتەوە کە خەڵەفان تێیاندا نەخۆشیی سەرەکییە.
  •     خەڵەفانی دووەمی: ئەو خەڵەفانەیە کە بەهۆی نەخۆشییەکی ترەوە دروست دەبێت.
  •     نیشانە هاوشێوەکانی خەڵەفان کە پێچەوانە دەبنەوە کە بە هۆی نەخۆشیی ترەوە دروست دەبن.

 

١ - خەڵەفانی سەرەتایی

 

جۆرەکانی خەڵەفانی سەرەتایی بریتین لە:

نەخۆشیی ئەلزەهایمەر (Alzheimer's disease): ئەلزەهایمەر باوترین جۆری خەڵەفانە کە حاڵەتێکی پەرەسەندووە و لە کۆتا قۆناغیدا کەسەکە تووشی خەڵەفان دەبێت. لەم نەخۆشییەدا دوو جۆری نائاساییی پڕۆتین لە مێشکدا دروست دەبن کە بریتین لە پڕۆتینەکانی تاو و ئەمیلۆید، ئەم پڕۆتینانە پەیوەستی و پەیوەندیی نێوان دەمارەخانەکان لە مێشکدا ناهێڵن و دەمارەخانەکان دەمرن. سەرەتا لە یەک بەشدا ڕوودەدات و دواتر دەمارەخانەی بەشەکانی تریش دەمرن. نیشانەکانی ئەم خەڵەفانە بریتین لە لەدەستدانی یادەوەریی کورتخایەن، شڵەژان و گۆڕانی کەسایەتی و ڕەفتار. بیرهاتنەوەی ڕووداوە دوورەکان؛ کێشە لە قسەکردن و ڕۆشتنیش لە قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکەدا ڕوودەدەن.

نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بە گشتی تووشی کەسانی بەتەمەن دەبێت و بەپێی خەمڵاندنەکان ٪١٠ی کەسانی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵی و ٪٥٠ی کەسانی سەروو تەمەن ٨٥ تووشبووی ئەلزەهایمەرن.

 

خەڵەفانی لوولەیی (Vascular dementia): ئەمەیان دووەم باوترین جۆری خەڵەفانە، بەهۆی حاڵەتەکانی وەکوو جەڵتەی مێشک یان  ڕەقبوونی خوێنبەرەکان کە دەبێتە هۆی گیران و  زیانگەیاندن بە لوولەخوێنەکانی مێشک. نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە کێشەی یادەوەری، شڵەژان، کێشە لە سەرنجدان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان. کەمبوونەوەی توانای مێشک دەکرێت لەناکاو ڕووبدات (لەدوای جەڵتەیەکی سەرەکیی مێشک)، یانیش هەنگاو بە هەنگاو ڕووبدات (لەدوای ڕوودانی چەند جەڵتەیەکی بچووکی مێشک). هۆکارە جێی مەترسییەکانی ئەم حاڵەتە بریتین لە بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە و بەرزی ئاستی کۆلیستڕۆڵ. نزیکەی ٪١٥ بۆ ٪٢٥ی تووشبووانی خەڵەفان، لە جۆری خەڵەفانی لوولەیین.

 

خەڵەفانی تەنی لووی (Lewy body dementia): ئەم حاڵەتە بریتییە لە تۆپەڵبوونی پڕۆتینێک بەناوی تەنی لووی لە دەمارەخانەکانی مێشکدا و تەنەکانی لووی دەمارەخانەکانی مێشک لەناو دەبەن. نیشانەکانی بریتین لە کێشەی جووڵە و هاوسەنگی، گۆڕان لە شێوازی خەو، لەدەستدانی یادەوەری، زەحمەتی لە پلاندانان و چارەسەرکردنی کێشەکان و هەلوەسەی بینین و وەهم. نزیکەی ٪٥ بۆ ٪١٠ی تووشبووانی خەڵەفان، لەجۆی خەڵەفانی تەنی لوویین.

 

خەڵەفانی ناوچاوان و لاجانگی (Frontotemporal dementia (FTD)): ئەم خەڵەفانە بەهۆی زیانگەیشتن بە ناوچاوانە پل و لاجانگە پلی مێشک دروست دەبێت بەهۆی کۆبوونەوەی پڕۆتینی نائاسایی لەم بەشانەی مێشکدا. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی گۆڕان لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانی کەسایەتی و گۆڕان لە جووڵە و ڕێکخستدا لەگەڵ لەدەستدانی توانای زمان (قسەکردن، تێگەیشتن و لەبیرکردنی مانای وشە باوەکان). FTD هۆکارێکی باوی خەڵەفانی زوو یان پێشوەختەیە و زۆرجار لە کەسانی تەمەن ٤٥ بۆ ٦٥ ساڵاندا ڕوودەدات. نزیکەی ٪٦ی تووشبووانی خەڵەفان لە جۆری خەڵەفانی FTDـن.

 

خەڵەفانی تێکەڵ (Mixed dementia): ئەمەیان ڕوودانی دوو جۆر یان زیاتری خەڵەفانە بەیەکەوە، باوترین یەکگرتنیش نەخۆشیی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانی لوولەیییە، زیاتر لە کەسانی سەروو تەمەن ٨٠ ساڵیدا باوە، زۆرجار دەستنیشانکردنی زەحمەتە چونکە نیشانەکان پێکدادەچن. کەمبوونەوەی توانای مێشک لە کەسانی تووشبوو بە خەڵەفانی تێکەڵ زۆر خێراترە لەو کەسانەی تەنیا تووشی یەک جۆری خەڵەفان دەبن.

 

٢ - خەڵەفانی دووەمی

 

هۆکارەکانی تری خەڵەفان بریتین لە:

نەخۆشیی هەنتینتن (Huntington's disease): ئەم نەخۆشییەی مێشک بەهۆی تاکە بۆهێڵێکی ناتەواوەوە دروست دەبێت. نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی دەمارەخانەکانی مێشک؛ ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە لە کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی جەستە، کێشە لە بیرکردنەوە، بیرکەوتنەوە و بڕیاردان لەگەڵ گۆڕانی کەسایەتی.

نەخۆشیی پارکینسن (Parkinson's disease): زۆر کەس لە کۆتا قۆناغەکانی نەخۆشیی پارکینسن تووشی خەڵەفان دەبن، نیشانەکان بریتین لە کێشە لە بیرکردنەوە و یادەوەری، هەلوەسە و وەهم، خەمۆکی و کێشە لە قسەکردن.

 

نەخۆشیی کروتزفێڵد یاکۆب (Creutzfeldt-Jakob disease): ئەم نەخۆشییە زۆر دەگمەنەو لە یەک ملیۆن کەسدا تووشی یەک کەس دەبێت. هۆکاری نەخۆشییەکە بریتییە لە تۆپەڵبوونی پڕۆتینێکی نائاسایی لە مێشک کە پێی دەوترێت پریۆن و دەمارەخانەکانی مێشک لەنێو دەبات. نیشانەکان بریتین لە کێشە لە یادەوەری، بیرکردنەوە، پەیوەندیکردن، پلاندانان و بڕیاردان، شڵەژان، گۆڕانی ڕەفتار، هەژین و خەمۆکی.

 

کۆنیشانەی ڤێرنیکا کۆرساکاف (wernicke korsakoff syndrome): ئەم نەخۆشییەی مێشک بەهۆی کەمبوونەوەی توندی ڤیتامین B1 دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون لەو بەشانەی مێشک کە پەیوەندییان بە یادەوەرییەوە هەیە. بەزۆری بەهۆی خواردنەوەی کحول ڕوودەدات بەڵام دەکرێت بەهۆی بەدخۆراکی و تووشبوونی میکرۆبیی درێژخایەنیشەوە ڕووبدات. نیشانەکان بریتین لە جووتبینی، لەدەستدانی جڵەوی ماسولکەکان، زەحمەتی لە پڕۆسەکردنی زانییارییەکان و فێربوونی شتی نوێ و شت بیرکەوتنەوە.

برینی مێشک بەهۆی زەبرەوە (Traumatic brain injury): بریتییە برینداربوونی مێشک بەهۆی بەرکەوتنی زەبرێکی توند، بەزۆری لە یاریزانانی تۆپی پێ، بۆکسباز، سەرباز و کەسانی تووشبوو بە ڕووداوی هاتوچۆدا ڕوودەدات؛ نیشانەکانی خەڵەفان کە دوای چەند ساڵێکی زۆر لە ڕووداوەکە دەردەکەون بریتین لە لەدەستدانی یادەوەری، گۆڕانی میزاج و ڕەفتار، سەرئێشە و ناتەواوی لە قسەکردن.

 

٣ - خەڵەفان بە هۆکاری پێچەوانەبووەوە

 

هەندێک نەخۆشی دەتوانن ببنە هۆکاری نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان کە دەکرێت ئەو نیشانانە بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە نەمێنن و پێچەوانە بکرێنەوە، ئەم نەخۆشییانە بریتین لە:

 

پەستانی ئاساییی شلەی مێشک (NPH): ئەم نەخۆشییە کاتێک ڕوودەدات کە شلەی دڕکەپەتک و مێشک لە بۆشایی مێشکدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش زیان بە مێشک دەگەیەنێت، NPH دەکرێت بەهۆی تووشبوونی میکرۆبیی مێشک، برینی مێشک، خوێنبەربوونی مێشک یان نەشتەرکاریی مێشکەوە ڕوو بدات، نیشانەکان بریتین لە نەمانی هاوسەنگی، لەبیرکردن، کێشە لە سەرنجدان، گۆڕانی میزاج، بەربوونەوەی بەردەوام و لەدەستدانی جڵەوی میزڵدان. ئەم حاڵەتە بە دەرهێنانی شلە زیادەکەی ناو مێشک دەکرێت چارەسەر بکرێت.

 

کەمیی ڤیتامین: کەمیی ڤیتامین B12 ،B6 ،B1 و ڤیتامین E دەکرێت نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان دروست بکات و بە وەرگرتنیان حاڵەتەکە چارەسەر دەبێت.

 

تووشبوونی میکرۆبی (Infection): ئەو تووشبوونە میکرۆبییانەی کە نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان دروست دەکەن بریتین لە تووشبوون بە HIV، سیفلیس و نەخۆشی لایم. ئەو نیشانانەی کە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە تۆمار کراون بریتین لە تەمی مێشک و وڕێنەی کورتخایەن؛ چونکە کۆڤید-١٩ هەوکردن و مەترسیی جەڵتەی مێشک زیاد دەکات.

 

نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێنەکان و کێشە مێتابۆلیکییەکان: ئەو حاڵەتانەی نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفانیان دەبێت بریتین لە نەخۆشیی ئەدیسۆن، کۆنیشانەی کوشین، دابەزینی ئاستی شەکری خوێن، بەرکەوتن لەگەڵ کانزا قورسەکانی وەکوو ئارسنیک و جیوە، بەرزیی ئاستی کالسیۆمی خوێن، بەڕیشاڵبوونی جگەر و کێشەکانی سایرۆید.

 

کاریگەریی لاوەکیی دەرمان: هەندێک دەرمان دەبنە هۆی نیشانەی هاوشێوەی خەڵەفان لە هەندێک کەس کە بریتین لە حەبەکانی خەوتن، دژەدڵەڕاوکێیەکان، دژەخەمۆکییەکان، دژەگەشکەکان، دژەپارکینسنەکان، هێورەکەرەوە نابێنزۆدایەزیپاینەکان، ئازارشکێنە نارکۆتیکییەکان، ستاتینەکان و دەرمانی تریش.

 

هۆکارە جێی مەترسییەکان

 

١ - تەمەن: بەهێزترین هۆکاری جێی مەترسییە، هەلی تووشبوون بە خەڵەفان لەگەڵ زیادبوونی تەمەن زیاد دەکات و زۆربەی حاڵەتەکان لە کەسانی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵی ڕوودەدەن.

٢ - مێژووی خێزانی: هەبوونی دایک و باوک یان خوشک و برایەک کە تووشبووی خەڵەفان بن هەلی تووشبوون زیاتر دەکات.

٣ - کۆنیشانەی مەنگۆلی (Down syndrome): مەنگۆلی ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەری پێشوەختە زیاد دەکات.

٤ - خراپیی تەندروستیی دڵ: بەرزیی ئاستی کۆلیستڕۆڵ، بەرزەپەستانی خوێن، ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و جگەرەکێشان هاوکات لەگەڵ شەکرە زیان بە لوولەکانی خوێن دەگەیەنن، دەبنە هۆی جەڵتەی مێشک و ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان زیاد دەکەن.

٥ - ڕەگەز: ڕەش پێستەکان ئەگەری تووشبوونیان بە خەڵەفان دوو ئەوەندەی سپی پێستەکانە.

٦ - برینی مێشک: تووشبوون بە برینی توندی مێشک مەترسیی خەڵەفان زیاد دەکات.

 

سەرپەیڤ