نیسان 26, 2025 14:25 Asia/Tehran
  • جەرجیر؛ سەوزەیەکی زۆر خۆشەویست بە تامێکی تایبەت لە سەرانسەری جیهاندا

جەرجیر سەوزەیەکی گەڵادارە کە بە تامە تیژ و بۆنە تایبەتەکەی ناسراوە. ئەم ڕوەکە لە چەندین کولتووردا بەشێکی گرنگی خۆراکە و لە ساڵانی دواییدا بووەتە سەوزەیەکی زۆر خۆشەویست لە سەرانسەری جیهاندا. جەرجیر، بە مێژووە دەوڵەمەندەکەی، بەها خۆراکییەکانی و تامە تایبەتەکەی، بووەتە یەکێک لە سەوزە خۆشەویستەکانی جیهان؛ لە زەڵاتەی سادەوە بگرە تا خواردنە ئاڵۆزەکان. جەرجیر توانیویەتی جێگای خۆی لە چێشتخانەکانی سەرانسەری جیهاندا بکاتەوە.

جەرجیر (Arugula) کە لە ناوچە جۆرواجۆرەکانی بە شابانەک، کەحکیز و مەندابیش دەناسرێت، یەکێکە لەو سەوزە گەڵا سەوزانەی کە لە کەشی فێنکدا بە خێرایی گەشە دەکات؛ پەیوەندی و پەیوەستی هەیە لەگەڵ خێزانی برۆکلی و کەلەرمدا. چەندین سوودی جیاوازی هەیە و بە گشتی خەڵکی بۆ ناو زەڵاتە بەکاری دەهێنن کە دەبێتە هۆی پێدانی تامێکی تیژ. هاوشێوەی جۆرەکانی تری سەوزەکان چەندین جۆری جیاوازی جەرجیری هەیە، کە جیاوازی هەیە لە شێوەی دەرەوەیاندا لەگەڵ تام و توانای بەرگەگرتنیان بۆ کەشوهەوا.  

جەرجیر ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاوازی مێروویی و کەڕوویی دەبێتەوە. بۆ نموونە کەڕووەکان دەبنە هۆی درووستبوونی پەڵەی ڕەنگ زەرد لە سەر گەڵاکانی و لە ژێرەوەش کەڕووی نەرمی ڕەنگ جیاواز درووست دەکات. یاخود مێرووەکان گەڵاکانی جەرجیرەکە دەخۆن و لە ژێرەوەش هێلکەکانیان دادەنێن. بۆ چارەسەرکردنیان دەبێت جۆری گونجاو لە جەرجیر کە توانای بەرگەگرتنی باشی هەیە هەڵبژێردرێت؛ لەگەڵ دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەکردن و هەواگۆڕکێ.  

 

مێژووی جەرجیر

جەرجیر ڕوەکێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانی کۆن. بە ڕەچەڵەک لە ناوچەی دەوروبەری دەریای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتووە. لە سەردەمی ڕۆمانیدا نەک تەنها وەک خۆراک، بەڵکو وەک دەرمان و تەنانەت وەک ماددەیەکی وروژێنەریش بەکارهاتووە.

 

تایبەتمەندییەکانی جەرجیر

جەرجیر ڕوەکێکی ساڵانەیە کە بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی 20 بۆ 100 سانتیمەتر. گەڵاکانی درێژ و پەنجەیین، بە درێژی 3 بۆ 10 سانتیمەتر و پانی 1 بۆ 3 سانتیمەتر. گەڵاکانی ڕەنگێکی سەوزی تۆخیان هەیە و زۆر جار لێوارەکانیان ناڕێکن. گوڵەکانی بچووک و سپین یان زەردن؛ بە چوار گەڵاگوڵ. بەرەکانی جەرجیر کەپسولی درێژکۆڵەن کە تۆوی بچووکی تێدایە.

 

بەکارهێنانی جەرجیر لە خواردندا

جەرجیر بە شێوەیەکی بەرفراوان لە خواردندا بەکار دێت. زۆر جار وەک سەوزەیەکی خاو لە زەڵاتەدا بەکار دێت، کە تامێکی تیژ و کەمێک تاڵ دەبەخشێتە خواردنەکە. هەروەها دەخرێتە سەر پیتزا، سەندویچ و پاستا. لە چێشتلێنانی ئیتاڵیدا، جەرجیر بەشێکی گرنگە لە درووستکردنی پێستۆدا. لە خواردنی عەرەبیدا، زۆر جار لەگەڵ گۆشتی برژاو یان وەک بەشێک لە سەلاتەی تەماتە و خەیار پێشکەش دەکرێت. هەروەها دەکرێت بکوڵێنرێت و وەک سەوزەیەکی کوڵاو بەکار بهێنرێت.

 

بەها خۆراکییەکان و سوودەکانی بۆ تەندرووستی

جەرجیر سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی چەندین ڤیتامین و کانزایە. بە تایبەتی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین K، ڤیتامین C، فۆلەیت، کالسیۆم و پۆتاسیۆم. هەروەها جەرجیر سەرچاوەیەکی باشی دژە ئۆکسیدانتەکانە، وەک بیتا-کارۆتین و فلاڤۆنۆیدەکان. ئەم پێکهاتانە چەندین سوودی تەندرووستیان هەیە. جەرجیر دەتوانێت یارمەتی پاراستنی دڵ بدات، سیستەمی بەرگری بەهێز بکات و ڕۆڵی هەبێت لە پاراستن لە هەندێک جۆری شێرپەنجە. هەروەها بەهۆی ناوەڕۆکی بەرزی ڕیشاڵەوە، دەتوانێت یارمەتی باشکردنی هەرس بدات.

 

گرنگی کولتووری

جەرجیر لە چەندین کولتووردا گرنگیی تایبەتی هەیە. لە خواردنی ئیتاڵیدا، بەشێکی جیانەکراوەیە لە زۆر خواردنی نەریتی. لە وڵاتانی عەرەبیدا، جەرجیر بەشێکی گرنگە لە خواردنی ڕۆژانە و زۆر جار لەگەڵ نانی عەرەبی پێشکەش دەکرێت. لە هەندێک کولتووردا، جەرجیر وەک ماددەیەکی وروژێنەر ناسراوە و لە ڕابردوودا بۆ مەبەستی پزیشکی بەکار هاتووە.

 

چاندنی جەرجیر

هەنگاوەکانی چاندنی جەرجیر

  •     باشترین کات بۆ چاندنی تۆوەکەی سەرەتای بەهار و پاییزە.
  •     تۆوەکەی لە قوڵایی کەمتر لە سانتیمەترێکدا دەچێنرێت، دەبێت مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر نزیکەی ٣ سانتیمەتر ببێت و مەودای نێوان ڕیزەکانیش بگاتە نزیکەی ٢٥ سانتیمەتر.
  •     لە ماوەی هەفتەیەکدا تۆوەکان چەکەرە دەکەن. ئەگەر کەشوهەوا سارد بێت ئەوا کاتی زیاتری پێویستە. هەروەها بۆ خێراکردنی چەکەرەکردنی تۆوەکەی دەکرێت چەند کاتژمێرێک پێش چاندن بخرێتە ئاوەوە.
  •     تۆوی جەرجیر لە خاکێکی فێنکدا زۆر خێرا چەکەرە دەکات. هەروەها توانای بەرگەگرتنی کەمێک سەرمای هەیە، بەڵام لە کەشی زۆر سارددا پێویستی بە پاراستنە.
  •     باشترە هەموو تۆوەکان لە هەمان کاتدا نەچێنرێت، بەڵکو لە نێوان چاندنەکاندا مەودای ٢-٣ هەفتە هەبێت، بۆ ئەوەی دواتر لە کاتی جیاوازدا بەرهەمی هەبێت.
  •     پێویستی بە ئاودانی باش هەیە بەتایبەتی لە کەشی گەرم و کاتی گوڵگرتنی.
  •     پاش ٦-٨ هەفتە لە چاندنی تۆوەکەی، گەڵا سەوزەکانی جەرجیر پێدەگات.

 

شێوازی گرنگیپێدانی ڕوەکی جەرجیر

جێگەی چاندنەکەی جەرجیر دەکرێت بڕێکی زۆر ڕووناکی خۆری هەبێت یاخود بەشێک لە کاتەکان سێبەر بێت. باشترین گەشەکردنی لە جێگەیەکدا دەبێت کە ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، لە جێگەیەکدا کە بەشێک لە کاتەکانی سێبەر بێت سەوز دەبێت بەڵام بەباشترین شێوە پێناگات، پلەی ترشێتی خۆڵەکەشی لە نێوان کەمێک ترش بۆ هاوکێش بێت واتە بە نزیکەیی ٦-٧ پلە ببێت. جگە لە ئەمانەش زیاتر خاکێکی دەوڵەمەند بە ماددەی خۆراکی گونجاوە، بەڵام توانای بەرگەگرتنی چەندین هەلومەرجی جیاوازیشی هەیە، ئەمەش وایکردووە چاندن و گەورەبوونی ئاسان بێت تەنانەت لە ناو گۆزە و ئینجانەشدا دەچێنرێت.   

لە سێ وەرزی بەهار و هاوین و پاییزیشدا خونچە دەکات و ڕەنگی گوڵەکەی سپییە و شیاوی خواردنە، هەروەها دوای ئەوەی جەرجیرەکان سەوز دەبن باشترە کەمێک تەنک بکرێن و مەودای نێوان بنجەکان زیاد بکرێت. هەروەها ئەگەر لە وەرزی هاویندا بێت باشترە سێبەری بۆ دابین بکرێت. نابێت ڕێگە بدرێت کە گەڵاکەی زۆر گەورە ببێت، چونکە ئەگەر پیر ببێت ئەوا تامێکی تاڵ و نەخوازراوی دەبێت، بۆیە باشترە بە گەنجی کاتێک درێژی گەڵاکان لە نێوان ٥-٧ سانتیمەتردایە لێ بکرێتەوە و بەکار بهێنرێت.  

 

 

 

سەرپەیڤ