May 07, 2025 11:03 Asia/Tehran
  • تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا

تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا لە کۆمەڵەی سێیەمی تێکچوونە کەسایەتییەکانە و بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی پەرێشان دادەنرێت کە کەسانی زۆر جدی و کەڵەڕەقن و دەیانەوێت هەموو شتێک ڕێکوپێک و تەواو و لەژێر جڵەو بێت. دەکرێت ئەم کەسانە تووشی دڵەڕاوکێ یان خەمۆکی ببن.

نیشانەکان: کەسانی توشبوو بەم تێکچوونە کەسایەتییە واتە تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا (بە ئینگلیزی: Obsessive-Compulsive PD) حەز دەکەن هەمیشە بڵێن (ڕێگای من، یان ڕێگای خێرا) لە کار و ڕۆتینی ژیاندا. ئەم کسانە لەڕادەبەدەر سەرنج دەخەنە سەر پلانی کار و وردەکارییەکان، تەنانەت ئەوەندە گرنگی بە تەواوی و ڕێکوپێکی دەدەن لە کاردا کە زۆرجار وایان لێ دەکات نەتوانن کارەکە تەواو بکەن و ڕاڕایییەکەیان دەبێتە هۆی ئەوەی بە کەسێکی ناکارامە دەربکەون. بەزەحمەت دەتوانن هەستەکانی خۆیان دەرببڕن و کەمترین کاتیان هەیە بۆ هاوڕێ و خێزان و بەسەربردنی کات بۆ خۆشی و لە پەیوەندیی نزیکدا لاوازن و زۆرجار دووچاری دابڕانی کۆمەڵایەتی دەبنەوە. هەمیشە بڕیاری زۆر تووند دەدەن کە کەس نابێت لێی لابدات. زۆرجار ئەم کەسانە ڕەزاقورس دەردەکەون و دەکرێت چاوچنۆکیش بن لە هەمان کاتیشدا کەسانی دڵسۆزن.

تێکچوونی کەسایەتی ڕاڕا (بە ئینگلیزی: OCPD) لەگەڵ جۆرێکی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ بە ناوی نەخۆشیی دەروونی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو (بە ئینگلیزی: OCD) جیاوازی هەیە؛ نەخۆشی دەروونیی "ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو" حاڵەتێکی جدیترە کە کەسەکە گیرۆدەی چەند بیروبۆچوونێکی جڵەونەکراو و ڕەفتاری دووبارەبووەوە دەبێت.

 

نموونە: نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو "ستیڤ جۆبز"، کە گرنگیپێدانی بۆ بچووکترین وردەکارییە بێ بایەخەکانیش بەشێک بوو لە هۆکاری سەرکەوتنەکەی.

 

هۆکار: هۆکاری تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا بەدیاریکراوی نەزانراوە. هۆکارە بۆماوەیی و ئەزموونەکانی تەمەنی منداڵی دەکرێت هۆکاری بەرپرس بن لە دروستبوونی ئەم حاڵەتە. کاتێک کەسێک لە منداڵیدا زۆر فرمانی بەسەردا دەکرێت و وای لێ دەکرێت کەسێکی زیاد لە پێویست گوێڕایەڵ و تەواو بێت، ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر کەسەکە لە تەمەنی پێگەیشتندا و هەوڵ دەدات ئەویش بەهەمان شێوە کەسێکی تەواو بێت و کەمترین ناڕێکیی پێ قبوڵ ناکرێت.

 

بەربڵاوی: تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا بە بەربڵاوترین جۆری تێکچوونە کەسایەتییەکان دادەنرێت کە نزیکەی (٧٪)ـی دانیشتووان دەگرێتەوە. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو (بە ئینگلیزی: OCDF) مەترسیی تووشبوونی ڕەگەزی نێرینە بەم تێکچوونە کەسایەتییە نزیکەی دوو ئەوەندەی ڕەگەزی مێیینەیە.

 

چارەسەر: چارەسەرکاری دەروونی سێ جۆر لە چارەسەر بەکار دەهێنێت بۆ ئەم حاڵەتە، ئەمانیش:

 

١ - چارەسەری هزریی ڕەفتار

جۆرێکی باویی چارەسەری دەروونییە، لەماوەی دانیشتنەکانی ئەم چارەسەرەدا لەگەڵ ڕاوێژکارەکەت کار دەکەن لەسەر باسکردنی هەر دڵەڕاوکێ، فشار و خەمۆکییەک کە هەتبێت. ڕاوێژکاری دەروونی هانت دەدات کە کەمتر جەخت لەسەر کار بکەیتەوە و زیاتر جەخت بکەیتە سەر ڕابواردن، خێزان و پەیوەندییە کەسییەکانی تر.

٢ - چارەسەر بە دەرمان

پزیشکەکەت لەوانەیە دەرمانی دژەخەمۆکی یان دژەدڵەڕاوکێت بۆ دابنێت، بەڵام بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بۆ ماوەیەکی درێژ پێشنیاز ناکرێت. چارەسەر بە دەرمان دەتوانرێت لەگەڵ جۆرەکانی تری چارەسەری دەروونی و چارەسەر بە گرووپ بەکار بهێنرێت.

٣ - ڕاهێنانی خاوبوونەوە

ڕاهێنانی خاوبوونەوە تەکنیکی هەناسەدان، خاوبوونەوە و پشوودان دەگرێتەوە، کە یارمەتیت دەدەن لە کەمکردنەوەی هەستی فشار، پێویستی و پەلەکردن. نموونەی ڕاهێنانە پێشنیازکراوەکانی خاوبوونەوە وەکوو یۆگا، تای چی (بە ئینگلیزی: Tai Chi) و پیلەیتز (بە ئینگلیزی: Pilates).

 

سەرپەیڤ