May 15, 2025 12:44 Asia/Tehran
  • هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی کلسی فەقەرات چین و ئەم نەخۆشییە چۆن چارەسەر دەکرێت؟

نەخۆشیی کلسی فەقەرات یان بە زمانی زانستی spinal stenosis یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی دڕکە پەتک کە تیایدا بۆشایی ناو ستوونی بڕبڕە بە شێوەیەکی نائاسایی تەسک دەبێتەوە. ئەم تەسکبوونەوەیە دەبێتە هۆی زەخت خستنە سەر دەمارەکانی دڕکە پەتک کە لە ناو ئەم بۆشاییەدا هەن. نەخۆشیی کلسی فەقەرات زیاتر لە ناوچەی مل و پشتدا ڕوودەدات، بەڵام دەکرێت لە هەر شوێنێکی دڕکە پەتکدا دروست ببێت.

دڕکە پەتک لە دۆخی ئاسایدا

دڕکە پەتک (ستوونی بڕبڕە) پێک هاتووە لە ٣٣ پارچەی ئێسکی بچووک کە پێیان دەوترێت فەقەرە. ئەم فەقەرانە بە سەر یەکدا ڕیزکراون و بە نێوانگیرەکان (دیسک) لە یەکتر جیا کراونەتەوە. دیسک وەک بالیفێکی نەرم وان کە ڕێگە نادەن ئێسکەکان ڕاستەوخۆ بەریەک بکەون و وەک مژەوەرێکیش کار دەکەن کە وزەی جووڵە و پاڵەپەستۆ لە کاتی ڕۆیشتن و هەڵسوکەوتدا دەمژێت. لە ناوەڕاستی هەر فەقەرەیەکدا کونێک هەیە کە بە یەکەوە کەناڵێک پێکدەهێنن کە پێی دەوترێت کەناڵی دڕکە پەتک (spinal canal). لەناو ئەم کەناڵەدا دڕکە پەتک و هەموو ڕیشاڵە دەمارییەکان جێگیر دەبن. ئەم کەناڵە لە دۆخی ئاساییدا بۆشاییەکی گونجاوی تێدایە بۆ ئەوەی دڕکە پەتک بەبێ گوشار و بە ئازادی تێیدا جێگیر بێت و دەمارەکانیش بە باشی کاری خۆیان ئەنجام بدەن. هەروەها لەڕێی ئەم کونانەوە دەمارەکان لە دڕکە پەتکەوە دەردەچن و بەرەو بەشەکانی دیکەی لەش درێژ دەبنەوە. لە دۆخی ئاساییدا، ئەم کونانە بۆشاییەکی پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی دەمارەکان بەبێ گوشار تێیاندا تێپەڕ ببن. بەکورتی؛ لە دۆخی ئاساییدا، دڕکە پەتک وەک ئەوەیە لەناو لوولەیەکدا بێت کە بە هەرچوار دەوردا بۆشایی پێویستی هەبێت. لەناو ئەو بۆشاییەدا دەمارەکانی تێدایە کە لەدڕکە پەتکەوە دەڕۆن بۆ بەشەکانی دیکەی لەش.

 

دڕکە پەتک لە نەخۆشیی کلسی فەقەراتدا

کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشیی کلسی فەقەرات دەبێت، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی دڕکە پەتکدا ڕوودەدات. گرنگترین ئەم گۆڕانکاریانە بریتییە لە تەسکبوونەوەی کەناڵی (لوولەک) دڕکە پەتک. ئەم تەسکبوونەوەیە بە هۆی چەندین فاکتەرەوە ڕوودەدات وەکو ئەستووربوونی بەندەکان، گەورەبوونی جومگەکان، یان دروستبوونی بەرزبوونەوە و زیادبوونی ئێسک لە لێوارەکانی فەقەرەکاندا. لە نەخۆشیی کلسی فەقەراتدا، دیسکەکان وشک و تەخت دەبن و تەندروستی خۆیان لەدەست دەدەن، بەم هۆیەوە سیس دەبن و فەقەرەکان لە یەکتر نزیک دەبنەوە. ئەم نزیکبوونەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە جومگەکان و بەندەکان ئەرکی زیاتریان بکەوێتە سەر و ببنە هۆی ئازاری زیاتر. هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی زیادبوونی ئێسک کە خۆی لە خۆیدا بۆشایی کەناڵی دڕکە پەتک کەم دەکاتەوە. کاتێک بۆشایی کەناڵی دڕکە پەتک کەم دەبێتەوە، دەمارەکان دەکەونە ژێر گوشارەوە کە دەبێتە هۆی چەندین نیشانەی نەخۆشی. ئەم گوشارە دەتوانێت ببێتە هۆی ئازار، کرخبوون، لاوازی لە ئەندامەکاندا و تەنانەت گرفت لە ڕۆیشتن و هەڵسوکەوتدا. سەرەڕای ئەمانە، ئەگەر گوشارەکە بەردەوام بێت، دەکرێت ببێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بە دەمارەکان کە دواتر چاکبوونەوەی ئەستەم دەبێت.

 

هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی کلسی فەقەرات

هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی کلسی فەقەرات لە چەند هۆیەکدا چڕ دەبنەوە:

 

  • تەمەنی زۆر و پیری، کە تێیدا دیسکەکان وشک دەبن و جومگەکان ڕەق دەبن
  • هۆکاری بۆماوەیی کە هەندێک کەس بە زگماکی کەناڵی دڕکە پەتکیان تەسکترە لە کەسێکی ئاسایی
  • نەخۆشیی ئارتەرۆزیس کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئێسک
  • دەرپەڕینی دیسکەکان
  • بریندار بوون و زیان وەک ڕووداوی ئۆتۆمبێل
  • نەخۆشیی پەیکەریی بۆماوەیی
  • هەروەها هەڵگرتنی کێشی زۆر و جووڵەی ناڕێک کە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە ستوونی بڕبڕە..

 

 

چارەسەرەکانی نەخۆشیی کلسی فەقەرات

چارەسەرکردنی نەخۆشیی کلسی فەقەرات بە پێی توندی باری نەخۆشەکە، نیشانەکان، و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانە دەگۆڕێت. بە گشتی، چارەسەرەکان دەکرێت بۆ دوو بەش دابەش بکرێن:

چارەسەری نەشتەرگەری و چارەسەری بێ نەشتەرگەری.

 

چارەسەری بە بێ نەشتەرگەری

١. دەرمان: بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردن

٢. فیزیۆتراپی (Physiotherapy): ڕاهێنانی تایبەت و چارەسەری فیزیکی دەتوانێت یارمەتی نەخۆش بدات بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەوروبەری ستوونی بڕبڕە

 ٣. دەرزی کۆرتیزۆن: دەرزی کۆرتیزۆن لە ناوچەی epidural دەتوانێت بۆ ماوەیەک ئازار و هەوکردن کەم بکاتەوە

 

چارەسەر بە نەشتەرگەری

ئەگەر چارەسەرە بێ نەشتەرگەرییەکان سەرکەوتوو نەبوون، یان ئەگەر نیشانەکان زۆر توند بوون، پزیشک دەکرێت نەشتەرگەری پێشنیار بکات. چەند جۆرێکی نەشتەرگەری هەن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی کلسی فەقەرات:

١. لامینێکتۆمی : لەم نەشتەرگەرییەدا، بەشێک یان هەموو لامینا کە بریتییە لە بەشێکی پشتەوەی فەقەرە، لادەبرێت بۆ ئەوەی بۆشایی زیاتر بۆ دەمارەکان دروست بکرێت.

٣. فیوژنی ستوونی بڕبڕە (Spinal fusion): لەم نەشتەرگەرییەدا، دوو فەقەرە یان زیاتر پێکەوە دەلکێنرێن بۆ ئەوەی جووڵەیان سنووردار بکرێت و ئازار کەم بکرێتەوە.

 

میکانیزمی خۆپاراستن

خۆپاراستن لە نەخۆشیی کلسی فەقەرات گرنگە، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسی تووشبوونیان زیاترە یان ئەوانەی کە پێشتر تووشی ئەم نەخۆشییە بوون. چەند ڕێگایەکی خۆپاراستن هەن:

  • پارێزگاریکردن لە کێشێکی گونجاو و دووربوون لە قەڵەوەی.
  • وەرزش و چالاکی بەردەوام وەک: مەلەوانی، پیادەڕەوی
  • بەشێوەیەکی درووست هەلسوکەت بکرێت لە وەستان، دانیشتن، و خەوتن.
  • هەڵنەگرتنی کێشی قورس، وازهێنان لە جگەرەکێشان. خواردنەوەی ئاوی پێویست

 

کۆتایی

نەخۆشیی کلسی فەقەرات نەخۆشییەکی باوە کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا دادەنێت. سەرەڕای ئەوەی کە زۆرجار پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە، بەڵام تێگەیشتن لە هۆکارەکان، نیشانەکان، و چارەسەرەکانی دەتوانێت یارمەتی نەخۆش بدات بۆ بەڕێوەبردنی باشتری نەخۆشییەکە. گرنگە دوای دەرکەوتنی نیشانەکان بە زوویی پزیشک ببینیت بۆ دیاریکردنی چارەسەری گونجاو. بە هەڵبژاردنی شێوازی ژیانێکی تەندروست و پارێزگاریکردن لە ستوونی بڕبڕە، دەتوانیت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی کلسی فەقەرات کەم بکەیتەوە یان باری نەخۆشییەکە باشتر بەڕێوە ببەیت.

 

 

سەرپەیڤ