زانیاری دەربارەی وشکەساڵی؛ جۆرەکان و هۆکارەکانی
وشکەساڵی ڕووداوێکی کەمبوونەوەی بەردەوامی ئاوی هەڵگیراو یان ئازووقەی ئاوە یان لە کەشدا یان لە ئاوی سەر زەوی یان ئاوی ژێر زەویدا.
دەشێت وشکەساڵی (بە ئینگلیزی drought) چەند مانگێک یان چەند ساڵێک بخایەنێت، یان لەوانەیە دوای کەمتر لە 15 ڕۆژ ڕابگەیەنرێت؛ وشکەساڵی دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیستەمی ژینگەیی و کشتوکاڵی ناوچە زیانلێکەوتووەکان هەبێت و زیان بە ئابووری ناوخۆیی بگەیەنێت. بێبارانی ساڵانە لە ناوچەی یەکسانبوون لە گۆی زەویدا بە شێوەیەکی بەرچاو شانسی وشکەساڵی و دواتر ئاگر تێبەربوونی دارستانەکان زیاد دەکات، هەروەها ماوەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دەتوانێت کاریگەرییەکانی وشکەساڵی خراپتر بکات بەوەی ڕێژەی بەهەڵمبوونی ئاو خێراتر دەکات.
وشکەساڵی خەسڵەتێکی دووبارەی کەشوهەوایە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا. هەرچۆنێک بێت ئەم وشکەساڵییە ئاساییانە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە قورستر و پێشبینی نەکراوتر بوون. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکانی سەر بە تەمەنناسی دار، یان دەوران ناسی پشتڕاستی دەکاتەوە کە کاریگەری گەرمبوونی زەوی لەسەر وشکەساڵی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1900. زۆرێک لە جۆرەکانی ڕووەک، وەک ئەوانەی کە لە خێزانی (کاکتا)ـین گونجاندنێکی بەرگەگریی وشکەساڵییان هەیە وەک کەمبوونەوەی ڕووبەری گەڵا و توێخێکی مێوین بۆ بەرزکردنەوەی توانایان بۆئەوەی بەرگەی وشکەساڵی بگرن.
هەندێک جۆری تری ڕووەکەکانی وەکوو تۆوی بەخاک سپێردراو لە وشکەساڵی ڕزگاریان دەبێت. وشکەساڵیی نیمچە هەمیشەیی ناوچە بایۆلۆجییە وشکەکانی وەک بیابان و سەوزایی بەرهەم دەهێنێت؛ هەروەها وشکەساڵییە درێژخایەنەکان بوونەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵ و قەیرانی مرۆیی. زۆربەی سیستمە ژینگەییە وشکەکان بە شێوەیەکی سرووشتی لە ئاستێکی بەرهەمهینانی نزمدان. درێژخایەنترین وشکەساڵیی جیهان کە لە مێژوودا تۆمارکراوه لە بیابانی ئاتاکامای چیللی ڕوویدا لە ساڵەکانی 400، بەدرێژایی مێژوو مرۆڤەکان بەهۆی کاریگەری لەسەر بەردەستبوونی خۆراک و باقی کۆمەڵگاوە وشکەساڵییان بە "کارەسات" سەیر کردووە.
مرۆڤەکان زۆرجار هەوڵی ئەوەیان داوە ئەوە ڕوون بکەنەوە کە وشکەساڵی یان کارەساتێکی سرووشتییە کە بەهۆی مرۆڤەوە یان لە ئەنجامی هێزەکانی سەرووسرووشتەوە درووست دەبێت.
جۆرەکانی وشکەساڵی
- وشکەساڵیی کەشناسییانە: ئەم جۆرەی وشکەساڵی کاتێک ڕوو دەدات کە ڕێژەی دابارین کەمترە لە ڕێژەی دیاریکراو و ئەم بارودۆخە درێژە دەکێشێت؛ زۆرجار وشکەساڵیی کەشناسییانە پێش جۆرەکانی تری وشکەساڵی ڕوو دەدات.
- وشکەساڵیی کشتوکاڵی: وشکەساڵیی کشتوکاڵی کاریگەریی هەیە لەسەر بەرهەمهێنانی بەروبووم یان بارودۆخی ژینگەیی؛ ئەم دۆخەش دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە هەر گۆڕانکاریەک لە ئاستی داباریندا ڕوو بدات کاتێک یان ئاودێری زیاد دەکات یان توانای چالاکیی خاک لە سیستمی ژینگەیی و داخوران زیاد دەکات کە بەهۆی کەم پلانی کشتوکاڵی و کەمی هەوڵی جدییەوە ڕووی داوە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەردەست بۆ بەروبوومەکان.
- وشکەساڵیی ئاوزانی: ئەم جۆرە وشکەساڵییە کاتێک ڕوو دەدات کە ئاوی عەمبارکراو "یەدەگ" لە سەرچاوەکاندا بەردەستە وەکوو چینە ئاوکۆکەرەوەکان و دەریاچەکان و عەمارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاستی. وشکەساڵی ئاوزانی زۆر بەهێواشی دەردەکەوێت؛ چونکه ئاوی هەڵگیراو لەخۆ دەگرێت کە بەکار دێت بەڵام پڕناکرێتەوە. وەکوو وشکەساڵیی کشتوکاڵی، ئەم جۆرەش دەشێت بە کەمبارانی و زیاتر کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین دەست پێ بکات، لەبەر ئەوە ئەگەر وشکەساڵی بەردەوام بێت ئەوا بارودۆخ وردە وردە خراپتر دەبێت و وردە وردە کاریگەری لەسەر دانیشتووانی ناوچەکە زیاد دەکات.
هۆکارەکان
کەمیی دابارین و بەرزبووەوەی پلەی گەرمی کەش و گۆڕانی کەشوهەوا و پلەی گەرمای زەریاکان و گۆڕانکاری لە جێت ستریم (بایەکی توندە، لە سەرووی عەرزەوە هەڵدەکات و کاریگەری بەسەر ئاوهەوای زەوییەوە هەیە) و داخوران و چالاکییەکانی مرۆڤ بەهۆی زیادەڕەوی کردن لە کشتوکاڵ و ئاودێری و بڕین و سووتاندنی دارستانەکان و هەروەها گۆڕانکاری لە دیمەنی سرووشتییە ناوخۆییەکاندا هەموویان بەشداری لە هۆکارەکانی وشکەساڵییدا دەکەن.
دەرئەنجامەکان
دەتواندرێت کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمئاوی دابەش بکرێت بەسەر سێ کۆمەڵەدا؛ ئەوانیش ژینگەیی و ئابووری و کۆمەڵایەتین:
- کاریگەرییە ژینگەییەکان: کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی سەر ڕووی زەوی و ژێر زەوی و کەمبوونەوەی ئاستی هەڵقوڵین و ڕژانی ئاو دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی سەر ڕووی زەوی و تەواو وشکبوونەوەی زەلکاوەکان و ئاگرکەوتنەوەی زیاتر و گەورەتر و لەدەستدانی زیندەفرەجۆری و خراپتربوونی تەندرووستیی درەختەکان و دەرکەوتنی ئافاتی دەغڵودان و نەخۆشکەوتنی درەختەکان.
- کاریگەرییە ئابوورییەکان: بریتین لە کەمیی بەرهەمی کشتوکاڵی و دارستانەکان و ڕاوەماسی و زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی خۆراک و کەمیی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی و هەروەها زیانەکانی بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی گەشتوگوزاری ئاو و گواستنەوە و کێشەی دابینکردنی ئاو بۆ کەرتی وزە و پرۆسەکانی تەکنەلۆژیا لە بواری کانزاناسی و کانسازی و کیمیایی و کاغەز و دار و پیشەسازییەکانی خۆراک.
- کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان: بریتین لە کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر تەندرووستیی مرۆڤەکان کە دەشێت بەهۆی ئەم دیاردەیەوە بێت "شەپۆلەکانی گەرمای لەڕادەبەدەر"، لەوانەیە ئاوی عەمارکراو سووردار بکات و ئاستی پیسبوونی ئاو زیاد بکات و نرخی خواردن بەرز ببێتەوە و بەروبووم بفەوتێن و ئەمەش ببێتە هۆی درووستکردنی فشار لەسەر خاوەن کێڵگەکان و...هتد، ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی وشکەساڵی و کەمیی ئاوی خواردنەوه وەکوو هۆکارێک ڕۆڵ دەگێڕێت و بۆشایی نێوان وڵاتە گەشەسەندوو و پێشکەوتووکان پڕ دەکاتەوە.