ته‌مووز 22, 2025 10:06 Asia/Tehran
  • هەموو زانیاریێک لەسەر جاڵجاڵۆکە؛ بۆچی ئەم گیانلەبەرە لە کاتی پۆلێنکردندا بە مێروو دانانرێت؟

جاڵجاڵۆکە ژمارەی جۆرەکانی زۆرن و لە چەند خێزانێکی جیاوازدا پۆلێن کراون، بەڵام هەموویان لە هۆز و پلەیەکی دیاریکراوی جاڵجاڵۆکەدان، لە هەموو کیشوەرەکاندا دەژین جگە لە جەمسەری باشوور.

هەندێکیان لە ناوچەی ئاست نزم لە دەریا دەژین هەندێکیان لووتکەی چیاکان دەکەن بە نشینگەیان، ئەو جۆرانەی هەتا ئێستا ناسراون زیاتر لە ٤٦،٧٠٠ جۆرن لە ١١٠ خێزاندا کۆ بوونەتەوە، کە هەموویان لە سێ جۆری سەرەکیدا دانراون، بەم شێوەیە:

 

  •  جاڵجاڵۆکەی شەویلگە چڕنووکدارەکان (ناوی زانستی: labidognatha)، زۆرینەی خێزانەکان لەئەم بەشەدان، دڵی ئەم جۆرانە سێ ناوچەی کراوە لە خۆ دەگرێت هەندێک جار دەکرێت دووان بێت.
  •  گورگە جاڵجاڵۆکە (ناوی زانستی: orthognatha)، پێنج خێزانی جیاواز لەخۆ دەگرێت زۆرینەیان دڵیان لە چوار بەشی کراوە پێک دێت.
  •  جاڵجاڵۆکەی پارچەپارچەکراو (ناوی زانستی: (liphistiidae)، ئەم جۆرە تەنها یەک خێزان لە خۆ دەگرێت، دڵی ئەمان لە ٥ جووت ناوچەی کراوە درووستبووە.

 

شێوەی دەرەوەی

 

دیارترین تایبەتمەندی جاڵجاڵۆکەکان (بە ئینگلیزی: spider) هەبوونی ٤-٦ تەشییە کە بە هۆیەوە داوی ئاوریشمی درووست دەکات، جۆری ئاوریشمەکانیش ٧ دانەن کە هۆکارێکی پۆلێنکردنی جاڵجاڵۆکەکانە، درێژی جاڵجاڵۆکەکان بە نزیکەیی لە نێوان ٠،٥-٩٠ ملم دایە، بە بەراورد بە مێرووەکان جەستەیان بۆ دوو بەش دابەشبووە لەبری سێ، هەروەها هەشت پێ لە بری شەش، لەبەر ئەم هۆکارانە لە کاتی پۆلێنکردندا بە مێروو دانانرێت، واتە جاڵجاڵۆکەکان سەر و سنگیان پێکەوە نووساوە، و بەشی دووەمیشی سکیەتی لە نێوانیاندا گرێیکە هەیە کە هەردوو بەشەکەی توند بەیەکەوە بەستووە، بۆ جوڵە کردن و ڕاوکردن زیاتر بەرکەوتن و لەرینەوە و تامکردن بەکار دێنێت نەک بینین، تەنها چەند جۆرێکی کەمیان هەستی بینینی بەهێزیان هەیە کە سوودی لێ دەبینن، ئەم جۆرانە ٨ چاویان هەیە یان ٦ یان کەمتر، جاڵجاڵۆکەکان هەستەکانی بەرکەوتن و تامکردن و ئەندامی یەکگرتنی نێرینەکان بە هۆی پێیەکانییەوە دەبێت، ژمارەی پێیەکانیش چوار جووتن واتە هەشت پێن، هەندێکیان چنگیان هەیە کە هاوکارییان دەکات سەرئاو بکەون، بواری ڕەنگەکانی جاڵجاڵۆکەکان زۆر و جیاوازە، هەندێکیان ڕەنگێکی تاریکی هەیە لەگەڵ نیشانەی کاڵ و ڕەنگ کراوە، هەندێکی دیکەیان ڕەنگی سەریان جیایە لە سک بەڵام هەندێکیان هاشێوەن.

 

خۆراک

جاڵجاڵۆکەکان خۆراکیان گیانەوەری زیندووە، وەک مێرووەکان و جاڵجاڵۆکەی دیکە و بۆق و خشۆک و باڵندەی بچووک، بۆ نێچیر گرتن زیاد لە ڕێگەیەکیان هەیە، وەک بەکارهێنانی هەستەکانی بینین و تامکردن و هەستکردن بە جووڵە و لەرینەوەکان و پێیەکانی و بەرهەم هێنانی ژەهر بۆ ئیفلیجکردن یاخود بڕینی پێست و مژینی خوێن بە سوود وەرگرتن لە چەند بەشێکی دەمی یان درووستکردنی داوی ئاوریشمی بۆ پێوەنووسان و گرتنی نێچیرەکان.

 

یەکگرتن و زۆربوون

کردەوەی زۆربوونی جاڵجاڵۆکەکان دوای یەکگرتن دەبێت، کە نزیکەی ١٠٠٠ هێلکەی پیتێنراو لە تورەگەی ئاوریشمی مێیینەکەدا دادەنرێت، نێرینەکە پێیەکانی دەخاتە بەشی کراوەی ئەندامی زاوزێی مێیینەوە، مێیینەکەش سپێرمە گونجاوەکان بۆ پیتاندنەکە هەڵدەبژێرێت.

 

سوڕی ژیان

ژیانی جاڵجاڵۆکەکان سێ قۆناغ دەگرێتەوە، بەم شێوەیە:

 

  •  قۆناغی کۆرپەلەیی: دوای یەکگرتن دەگرێتەوە هەتا لەدایکبوونی، هەندێک جۆری جاڵجاڵۆکەکان هێلکە پیتێنراوەکان دەخەنە نێو تورەگەیەکی ئاوریشمی زۆر توند و دواتر شێوازی پارێزگاری لێکردن و چاودێری کردنەکەی دەگۆڕێت، هەندێکی دیکەیان هێلکەکان لە جێگەیەکی پارێزراو جێ دەهێڵن هەتا خۆیان هەڵدێن، ئەم کردەوەیان نزیکەی چەند هەفتەیەکی پێ دەچێت، جۆرێکی دیکەیان هێلکە پیتێنراوەکان لەسەر پشتیان هەڵدەگرن بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ.
  •  پێش قۆناغی پێگەیشتن: دوای هەڵهاتنی لە هێلکەکە هەتا پێگەیشتنی دەگرێتەوە، لەم قۆناغەدا فێری جووڵە و ڕاوکردن و درووستکردن و بەکارهێنانی ئاوریشم دەبێت، قەبارەی گەورە دەبێت لە ڕێگەی لێبوونەوە و جێگەگرتنەوەی، بە جۆرێک کە ٥-١٠ جار تەواوی بەشی دەرەوەی جەستەی لێ دەبێتەوە و جێگەی دەگیرێتەوە هەتا دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن.
  •  قۆناغی پێگەیشتن: لەم قۆناغەدا توانای یەکگرتن و زۆربوونی هەیە، تەمەنی جاڵجاڵۆکەکان بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕیت، بەڵام بە نزیکەیی ١-٢ ساڵ دەژین، هەروەها تەمەنی مێیینەکان درێژترە لە نێرینەکان کە زۆرینەیان دوای یەکگرتن دەمرن.

 

 

 

سەرپەیڤ