بواری کارەبایی
ئیلیکترۆستاتیک، ئەو لقەی زانستی فیزیا کە لێکۆڵینەوە لە بارگە کارەباییە وەستاوەکان و هێزی نێوانیان دەکات، پرسێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت: چۆن دوو تەن کە بەرکەوتنیان نییە و لە یەکترەوە دوورن، دەتوانن هێز لەسەر یەکتر دروست بکەن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە یەکێک لە چەمکە هەرە سەرەکییەکانی فیزیادا خۆی دەبینێتەوە، ئەویش "بواری کارەبایی"یە. بواری کارەبایی تەنها چەمکێکی بیردۆزی نییە، بەڵکو ئەو پردە نادیارەیە کە جیهانی مایکرۆسکۆپیی بارگەکان بە جیهانی ماکرۆسکۆپیی تەکنەلۆژیا و دیاردە سرووشتییەکانەوە دەبەستێتەوە. تێگەیشتن لەم بوارە، کلیلی کردنەوەی دەرگای تێگەیشتنە لە نزیکەی هەموو شتێک، لە چۆنیەتی داگیرسانی گڵۆپێکەوە بگرە تا دەگات بە نهێنییەکانی بروسکە و شەپۆلەکانی پەیوەندی.
بواری کارەبایی چییە؟
بە سادەترین شێوە، بواری کارەبایی (The field of electricity) بریتییە لە "ناوچەی کاریگەری" کە لە دەوروبەری هەر تەنێکدا دروست دەبێت کە خاوەنی بارگەی کارەبایی بێت. دەتوانین وەک گەرمییەک بیهێنینە بەرچاو کە لە ئاگرێکەوە بڵاو دەبێتەوە؛ تۆ پێویست ناکات دەست لە ئاگرەکە بدەیت بۆ ئەوەی هەست بە بوونی بکەیت. بە هەمان شێوە، هەر بارگەیەکی کارەبایی (وەک پرۆتۆنێک یان ئەلیکترۆنێک) بۆشایی دەوروبەری خۆی "دەشێوێنێت" و کاریگەرییەکی تێدا دروست دەکات. ئەگەر هەر بارگەیەکی دیکە بێتە ناو ئەم ناوچەیەوە، یەکسەر هێزێکی لەسەر دروست دەبێت کە یان پاڵی پێوە دەنێت یان بەرەو خۆی ڕایدەکێشێت. بارگە پۆزەتیڤەکان بوارێک دروست دەکەن کە ئاڕاستەکەی لێیانەوە بەرەو دەرەوەیە(پاڵنان)، لە کاتێکدا بارگە نێگەتیڤەکان بوارێک دروست دەکەن کە ئاڕاستەکەی بەرەو ناوەوەی خۆیانە(ڕاکێشان). کەواتە، بواری کارەبایی ئەو زمانە نادیارەیە کە بارگەکان بۆ "قسەکردن" و کاریگەریکردن لەسەر یەکتر لە دوورەوە بەکاری دەهێنن.
تێڕوانینێکی زانستییانەی قووڵتر بۆ بواری کارەبایی
لە ڕوانگەیەکی زانستیی قووڵترەوە، مەجالی کارەبایی خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی بنچینەییە کە سرووشتەکەی زیاتر ڕوون دەکاتەوە. یەکەم و گرنگترینیان ئەوەیە کە بوارەکە "ئاڕاستەدار"ە. ئەمە بەو مانایە دێت کە لە هەر خاڵێکی بۆشاییدا، بوارەکە تەنها ئەوە نییە بڕ و هێزی هەبێت، بەڵکو ئاڕاستەیەکی دیاریکراویشی هەیە. ئەم ئاڕاستەیە بریتییە لەو ئاڕاستەیەی کە بارگەیەکی پۆزەتیڤی خەیاڵی (تاقیکاری) پاڵی پێوە دەنرێت ئەگەر لەو خاڵەدا دابنرایە. بۆ وێناکردنی ئەم سرووشتە ئاڕاستەدارە، زانایان هێڵی خەیاڵی بەکار دەهێنن کە پێی دەوترێت "هێڵەکانی بواری کارەبایی". چڕی و نزیکیی ئەم هێڵانە لە یەکترەوە، نیشانەی بەهێزیی بوارەکەیە؛ لە هەر شوێنێک هێڵەکان پێکەوە چڕ بوونەوە، بوارە کارەباییەکە بەهێزە، و لە هەر کوێیەک لە یەکتر دوورکەوتنەوە لاوازترە. یاسایەکی گرنگی ئەم هێڵانە ئەوەیە کە هەرگیز یەکتر نابڕن. ئەم هێڵانە هەمیشە لە بارگە پۆزەتیڤەکانەوە سەرچاوە دەگرن و وەک تیشک بڵاو دەبنەوە، یان لە بارگە نێگەتیڤەکاندا کۆتاییان دێت و دەچنەوە ناوی. کەواتە بواری کارەبایی، بەپێی ئەم تێڕوانینە، بریتی نییە لە هێزێک، بەڵکو بریتییە لە نەخشەیەکی نادیاری هێز لە بۆشاییدا، کە پێشبینی دەکات هەر بارگەیەکی تر چۆن و بۆ کوێ پاڵ دەنرێت یان ڕادەکێشرێت.
یاسایی بیرکاریی بواری کارەبایی
E = F / q
لێرەدا:
- E بریتییە لە چڕیی بواری کارەبایی
- F بریتییە لە هێزە کارەباییەی کە کار دەکاتە سەر بارگەکە
- q بریتییە لە بڕی بارگەی تاقیکردنەوە
پێشەنگەکانی بوارەکە
گەشەسەندنی تێگەیشتنمان لەم بوارەدا، قەرزاری کۆششی چەندین زانای مەزنە. "شارڵ ئۆگستن دێ کۆڵۆم" لە سەدەی هەژدەیەمدا بە شێوەیەکی کرداری ئەو یاسایەی داڕشت کە هێزی نێوان دوو بارگەی پێوانە دەکات. بەڵام "مایکڵ فارادای" لە سەدەی نۆزدەیەمدا شۆڕشێکی لە تێگەیشتنی مرۆڤدا بەرپا کرد کاتێک چەمکی "بواە" و "هێڵەکانی هێز"ی داهێنا. فارادای فیزیای لە چەمکی کۆنی "کارکردن لە دوورەوە" گۆڕی بۆ بیرۆکەی "کارکردنی نێوەندگیراو بە بوار". دواتر، "جەیمس کلێرک ماکسوێڵ" هات و بیرۆکە تیۆرییەکانی فارادای لە چوارچێوەی کۆمەڵێک هاوکێشەی بیرکاریی ورد و پتەودا داڕشتەوە، کە نەک تەنها کارەبا و موگناتیسیان یەکخست، بەڵکو دەریانخست کە ڕووناکیش خۆی بریتییە لە شەپۆلێکی کارۆموگناتیسی.
بەکارهێنانە کردارییەکانی بواری کارەبایی
تێگەیشتن لە مەجالی کارەبایی بناغەی تەواوی تەکنەلۆژیای مۆدێرنە. سادەترین نموونە، جووڵەی تەزووی کارەبایە لەناو وایەرەکاندا، کە بریتییە لە جووڵەی ئەلکترۆنەکان بەهۆی کاریگەریی مەجالێکی کارەباییەوە. بەڵام بەکارهێنانەکانی زۆر لەوە فراوانترن: لە ئامێرەکانی کۆپیکردن و چاپکەرەکانی ئینکجێتدا، مەجالی کارەبایی بەکار دێت بۆ کۆنترۆڵکردن و جوڵاندنی دەنکۆڵە وردەکانی ڕەنگ. دیاردەیەکی سرووشتیی گەورە وەک بروسکە، لە ئەنجامی دروستبوونی مەجالێکی کارەبایی زۆر بەهێزی نێوان هەورەکان و زەوییەوە ڕوودەدات. لە بواری پزیشکیدا، ئامێرەکانی وەک هێڵکاریی دڵ و هێڵکاریی مێشک چالاکییە کارەباییە زۆر لاوازەکانی لەش دەپێون کە لە ڕێگەی مەجالە کارەباییەکانیانەوە دەناسرێنەوە. لە کۆتاییدا، هەموو سیستەمەکانی پەیوەندی بێتێل، وەک مۆبایل و ڕادیۆ و وایفای، پشت بە ناردن و وەرگرتنی شەپۆلی کارۆموگناتیسی دەبەستن، کە لە بنەڕەتدا لەرینەوەی بواری کارەبایی و موگناتیسین. بەم شێوەیە، ئەم چەمکە نادیارە بووەتە هێزی بزوێنەری شارستانیەتی هاوچەرخ.