کتێبی تێڕامانەکان؛ خۆدواندنی مارکۆس ئۆرلیۆس چی پێمان دەڵێت؟
تێڕامانەکان کتێبێکی فەلسەفی چەشنی خۆدواندنی ئیمپڕاتۆری ڕۆم "مارکۆس ئۆرلیۆس" ١٢١-١٨٠ زایینییە. ئەم کتێبە لە نێوان ساڵانی ١٦٥-١٧٥ زایینی نووسراوە کە پێک هاتووە لە ١٢ کتێب کە لەو سەردەمەدا بە شێوەی کاغەزی لوولکراو دەنووسرا و هەر چەند کاغەزێک پێکەوە دەبوونە کتێبێک و بە کۆی گشتی هەموویان کتێبێکیان پێک دەهێنا. مارکۆس ئۆرلیۆس سەرەڕای ئەوەی ئیمپڕاتۆری ڕۆما بووە، لە هەمان کاتیشدا فەیلەسووفێکی ناودار بووە کە سەر بە قوتابخانەی ڕەواقی (ستۆیسیزم) بووە.
لەم کتێبەدا (بە عەرەبی: انعكاسات، بە ئینگلیزی: Meditation) مارکۆس لەگەڵ خۆیدا قسە دەکات و باسی ئەو شتانە دەکات کە پێی گەیشتووە و خوێندنەوەیەکیش دەکات بۆ دەروونی خەڵک لە چوارچێوەی فەلسەفەی ستۆیسیزمدا.
هزری مارکۆس ئۆرلیۆس لەم کتێبەدا
- ئەوەی ژیرانەیە، لە بەرژەوەندی هەموو مرۆڤەکانە، گوفتار و کردارێک کە بە پێوەرە ئەقڵانییەکان بێت، لە بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵدایە.
- مرۆڤ گیاندارێکی ژیر و کۆمەڵایەتییە، هەر بەم دوو تایبەتمەندییەش (هێزی بەڵگەکاریی) و (کۆمەڵایەتی بوون) نەک بە کۆمەڵ ژیان، چونکە ئەم تایبەتمەندییە هی گیانەوەرانی ترە.
- مرۆڤ لە سێ بەش پێک هاتووە و هەرسێکیان وابەستەی یەکترن، ئەوانیش جەستە، ئەقڵ، ڕۆح.
- مرۆڤ لەناو سرووشتدا گەمە دەکات، ئەوەی بەسەر مرۆڤدا دێت قەدەرە، ناکرێت ڕوونەدات چونکە مرۆڤ و سرووشت کارلێک لە نێوانیاندا ڕوودەدات.
- یاسای ئەزەل لە سرووشتدا، هیچ شتێک تاسەر وەکو خۆی نییە و مەیلی گۆڕانکاری هەیە،
- هەموو شتێک لە جیهاندا، بەرەو ئامانجێک ڕادەکێشرێت، ئەگەر هاتو خرایتە ناو بازنەیەک و سەرنجی ڕاکێشایت، ئەوا دەبێتە ئامانجت!
- هیچ کەسێک ناتوانێت بانگەوازی بۆ حەقیقەتی ڕەها بکات، جگە لە خودا کەسی تر ناتوانێت وێنای حەقیقەت بکات.
- مرۆڤ ناتوانێت بانگەشەی حەقیقەت بۆ خۆی بکات، بۆ نموونە بڵێ ئەمە حەقە و ئەوەیان ناحەقە. لێرەدا مرۆڤ بانگەشەی بۆچوون دەکات، بۆچوونەکانیش هەرگیز نابن بە حەقیقەتی ڕەها، چونکە مرۆڤەکان هەرگیز نابن بە خاوەنی یەک بۆچوون و هەڵوێست.
- شتێک نییە بەناوی ئازار و ناڕەحەتی لە جیهاندا، ئەوەی هەیە تێڕوانینی خۆمانە بۆ سرووشت کە ئازارمان دەدات. بۆ نموونە لە ئەشقدا دەکرێت تێڕوانینی چەوتی خۆمان بۆ خودی ئەشق وا بکات هەمیشە ئازار بچێژین. بەڵام خودی ئەشق بۆ ئازار نییە بەڵکو بۆ پێکهێنانی خێزان و بەختەوەربوونە لە ژیان، نەوەکو دروستبوونی ئازار و خەمبار بوون.
- خودی ژیان بێ واتایە! بەڵام ئەوە ئێمەین واتای پێ دەبەخشین، ئەویش هەوڵدانمانە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو. بەڵام ئەو کەسانەی بێ ئامانجن هەمیشە لێدوانی ناڕاست دەدەن و ڕەشبینن بەرامبەر واتای ژیان.
- ژیان، پێچەوانەی وەهمی ئێمەیە، تەنها چرکە ساتی ئێستایە، نەوەکو ڕابردوو و داهاتوو. ڕابردوو ژیانی ئێمە نییە و کۆتایی هاتووە. داهاتووش تەنها وێناکردن و خەیاڵە، ڕەنگە ئەو وێنایەی دەیکەین هەرگیز بەدی نەیەت.
- هیچ مرۆڤێک بەدەر نییە لە هەڵە کردن، ئەی چی وا دەکات کەسانێکمان پێ دانا و زاناتر بێت لە خۆمان؟ ئەوان لە ڕێگەی هەڵەکانیان ئەزموونی ژیان کردنیان کردووە.
- چێژ بینین لە ژیان کردن، پەیوەندی بە چاکە کردن هەیە، هەتاوەکو چاکە نەکەیت و چاک نەژیت، ناتوانیت بیر لە چێژی ژیان بکەیتەوە، دایک و باوکێک ئەگەر خۆیان کەسانی چاکەخواز نەبن و پەروەردەیەکی باش نەکرابن، ناتوانن چێژ لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و گەورەکردنیان ببینن، چونکە چاک نەژیاون و چاکەخواز نەبوون!
- داخوازیکردنی هەر شتێک، دەبێت لەگەڵ بەهای شتەکەدا گونجاو و هاوئاست بێت. کەواتە ئەگەر دەتەوێت دڵخۆش بیت و لە پەژارە بە دوور بیت، بەها مەبەخشە بە شتە بێ بەهاکان.
- جیهان و مرۆڤ لە ڕووی کارلێکەوە ڕاستەوانە دەگونجێن، بۆ نموونە کاتێک بارودۆخی جیهان تێک دەچێت کاریگەری لەسەر نەفسی هەموو تاکێک هەیە، ئەگەر جیهان بێ گرفت بێت، ئەوا هەموو تاکەکانیش لە ڕووی هەست و دەروونەوە لەگەڵ یەکتردا هاوئاهەنگ و کەیف خۆش دەبن.
بۆچی ئەم کتێبەی مارکۆس ئۆرلیۆس گرنگی خۆی هەیە بۆ ژانەری فەلسەفە؟
مارکۆس ئۆرلیۆس لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا ئەم کتێبەی نووسیوە، بە جۆرێک بیری کردووەتەوە کە مرۆڤێکی پێگەیشتوو و ژیر و دونیابین بیر دەکاتەوە. زۆرینەی گوتەکانی و نووسراوەکانی تا ئەم سەردەمەش بەهایان لە دەست نەداوە و جێگای "تێڕامان"ـن بۆ نموونە کاتێک لە کتێبی چوارەمی تێڕامانەکان (کۆمەڵە کاغەزی لوولکراوی چوارەم) دا باسی ئەو کەسانە دەکات کە چاوەڕێی پیادا هەڵگوتن و ستایش کردنیان لەلایەن دەوروبەرەوە دەکەن.
مارکۆس دەڵێت (سوودی ئەوە چییە؟ کاتێک دەمریت، خەڵکانێک تۆیان هەر لە بیر بێت و ستایشت بکەن، خۆ ئەوانیش دەمرن و نەوەی دواتریش هەر دەمرن. خزمەتکردنی گۆڕ و داتاشینی پەیکەر و ستایش کردنت لەلایەن خەڵکەوە بۆ ساڵانێکی زۆر هیچ سوودێک بە تۆ ناگەیەنێت کە لەناو گۆڕدایت!) ئەمەش ئەوەمان بیر دەخاتەوە مرۆڤ پێویستە بۆ خۆی بژی، نەوەکو بۆ خەڵک بژی. کاتێک کارێکی نوێت دەست دەکەوێت کەسانێک پیرۆزباییت لێ بکەن یان پشتگوێت بخەن هیچ لە کارەکەی تۆ کەم و زیاد ناکات و تۆ هەر لە شوێنی خۆتدایت و ئەوانیش هەر لە شوێنی خۆیاندان.
لە بەشێکی تری کتێبەکەیدا، بەشێوازێک باس لەو خۆ بەراوردکردنە دەکات کە دوو کەس دەیکەن بۆ نموونە دوو خوێندکار بۆ نمرەکانیان، یاخود کەسێکی بێ کار بەرامبەر کەسێکی خاوەن کار. مارکۆس لەم بارەیەوە دەڵێت: (هەموو تاکێک بە هەمان قۆناغی ژیاندا دەڕوات، واتا منداڵێک لە دایک دەبێت ڕاستەوخۆ گەورە نییە، بەڵکو ساوایە و قۆناغ بە قۆناغ پێ دەگات، ئەگەر کەسێک ١٠٠٠ ساڵ بژی لەگەڵ کەسێک ١٠٠ ساڵ بژی بە هەمان قۆناغی تەمەندا دەڕۆن، ئەی چی وا دەکات ئەو دوو کەسە جیاواز بن لە ڕووی گوزەرانەوە؟ وەڵامەکەی هەڵبژاردنی ئەو ڕێگایەیە کە پێیدا دەڕۆن)
بۆ نموونە خوێندکارانی زانکۆ کە کاریان دەست ناکەوێت، بەشێکیان تەنها بڕوانامەی زانکۆیان هەیە و هیچی تریان نییە، هەرگیز بەشداری کۆرس و خولی نێودەوڵەتییان لە بواری خۆیان یان بواری تردا نەکردووە. ئەمەش وا دەکات CVکانیان لاواز بێت.
بەپێی پێداچوونەوەکانی وێبسایتە جیهانییەکان بۆ ئەم کتێبە، لە کۆی ١٢٥ وێبسایتی پێداچوونەوە و شرۆڤەکردن بە ڕێژەی ٩٦٫٥٪ وێبسایتەکان و ماڵپەڕەکان پێشنیاریان کردووە بۆ خوێندنەوە، چونکە دەڵێن، زۆر وانەی گرنگی تێدایە بۆ ژیانی تاکەکان گرنگە. گەرچی کتێبەکە فەلسەفییە بەڵام تێگەیشتن لێی هێندە زەحمەت نییە وەکو خەڵکی بە گشتی ئەم تێڕوانینەیان بەرامبەر بە فەلسەفە هەیە.