تشرینی یه‌که‌م 19, 2025 15:52 Asia/Tehran
  • ئەلڕەحمان یان بەبەزەیی

ئەلرەحمان یان ڕەحمان یان بە بەزەیی دووەم ناوە لە ناوەکانی خوای گەورە و ناوێکی گشتگیر و ڕەهایە و تەنها تایبەتە بە خوای گەورە. وشەی ڕەحمان واتای بەبەزەیی ڕەها دەبەخشێت، لە زمانی عەرەبیدا ناوی (الرحمن) لە وشەی (الرحمة) وەرگیراوە کە واتای سۆز، بەزەیی، میهرەبانی، نەرم و نیانی دەبەخشێت، واتا خوا بەبەزەییە بۆ هەموو دروستکراوەکانی خۆی.

ئەم ناوە تایبەتە بە خوا و ناتوانرێت وەسفی هیچ دروستکراوێکی تر بە ناوی ڕەحمان (بە عەرەبی: الرحمن، بە ئینگلیزی: Ar-Rahmaan, Al-Rahman) بکرێت چونکە ناوەکە تایبەت و سیفەتی ڕەهایە بە خوا. ناوی ڕەحمان پەیوەست کراوە بە عەرشی، خوای گەورەوە و لە سوورەتی (طه) ئایەتی ٥ خوای گەورە دەفەرموێت: (ٱلرَّحْمَـٰنُ عَلَى ٱلْعَرْشِ ٱسْتَوَىٰ)، واتا پەروەردگاری ئێوە كە (الرَّحمن)ـە بەسەر عەرشدا بەرز و بڵند بووەتەوە، بەرزبوون و بڵندبوونەوەیەك كە شایستەی بەرزی و بڵندی و شكۆداری و گەورەیی ئەوە.


ناوی ڕەحمان لە قور‌‌ئانی پیرۆزدا

  ناوی ڕەحمان لە دەقی (بسم الله الرحمن الرحیم) هاتووە کە جگە لە سوورەتی (التوبة) پێش خوێندنی سەرەتای هەموو سوورەتەکانی قورئان دەخوێندرێت.

  لە ٧٥ شوێن لە قورئاندا ناوی ڕەحمان هێنراوە و لە شەش شوێن پەیوەست کراوە لەگەڵ ناوی ڕەحیم، جگە لەگەڵ ناوی ڕەحیم لەگەڵ هیچ ناوێکی تری خوای گەورە پەیوەست نەکراوە و ناوەکە لەگەڵ ناوی تردا نەهێنراوە، بەڵکوو ناوەکە سەربەخۆیە.

  سوورەتی (الرحمن) کە سوورەتی ژمارە ٥٥ـە لە قورئانی پیرۆز، لەو سوورەتانەی قورئانە کە بە ناوی خوای گەورەوە ناونراوە و تەنها یەک جار ناوی ڕەحمان لە سەرەتای یەکەم ئایەتی سوورەتەکە هێنراوە.


تایبەتمەندییەکانی ناوی ڕەحمان

  ناوێکی تایبەتمەندە بە خوای گەورە و بۆ ناوی مرۆڤ بە تەنها بەکارنایەت، لە سوورەتی (الإسراء) ئایەتی ١١٠ خوای گەورە دەفەرموێت: (قُلِ ادْعُوا اللَّهَ أَوِ ادْعُوا الرَّحْمَنَ أَيًّا مَا تَدْعُوا فَلَهُ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَى) واتا: پێیان بڵێ ئێوه‌ له‌ نزاو دوعاکانتاندا داوا له‌ (الله‌) بکه‌ن، یان به‌سیفه‌تی پیرۆزی (الرحمن) هانای بۆ به‌رن، به‌هه‌ر ناو و سیفه‌تێکی به‌رز داوای لێ بکه‌ن و نزا بکه‌ن دروسته‌، چونکه‌ ئه‌و خاوه‌نی هه‌موو سیفات و ناوه‌ پیرۆز و جوانه‌کانه‌، به‌هه‌ر سیفه‌تێك که‌ له‌گه‌ڵ داخوازییه‌کانتاندا گونجا داوای لێ بکه‌ن، له‌کاتی داواکردنی ڕزق و ڕۆزیدا به‌ (یا ڕزاق، یا وهاب)، له‌کاتی داوای سه‌رکه‌وتندا به‌ (یا قوی یا متین یا عزیز) داوا بکەن.

  ناوی ڕەحمان واتا سۆز و بەبەزەیی ڕەها بۆ هەموو کەسێک، واتا بەزەیی خودا بێ باوەڕ و باوەڕدار و هەموو دروستکراوەکانی خوا دەگرێتەوە.

  هەمیشە بەزەیی و سۆزی خوای گەورە پێش تووڕەییەتی، بۆیە ئەم ناوە لە سەرەتاکانی ناوەکانی خوایە.

جیاوازی نێوان ناوی ڕەحمان و ڕەحیم

  ناوی ڕەحمان بە تەنها بۆ مرۆڤ بەکار ناهێنرێت، چونکە وەسف و تایبەتمەندییەکانی ناوەکە ڕەهایە و تەنها تایبەتمەندە بە خوای گەورە و وشەکە تەنها بۆ وەسفی خوای گەورەیە، بەڵام ناوی ڕەحیم کە واتای بەخشندەییە بۆ مرۆڤ بەکار دێت چونکە تایبەتمەندییەکانی وشەی ڕەحیم گشتگیرە و ناوەکە بۆ وەسفی کردارەکانی خوای گەورە بەکار دێت.

  واتای ڕەحمان بریتییە لە بە بەزەیی کە ئەم سۆز و بەزەییەی خوا گشتگیرە و هەموو دروستکراوەکانی خوی دەگرێتەوە. بەڵام وشەی ڕەحیم وشەیەکە واتای بەخشندەیی دەبەخشێت و تایبەتە بە باوەڕدار، واتا بەخشندەیی خوا باوەڕدار دەگرێتەوە.

  ناوی ڕەحمان (صفة ذاتية)ـەیە واتا بۆ خودی خوا خۆیەتی، بەڵام ناوی ڕەحیم (صفة فعلية/ وەسفی کردار)ـەکەیە تایبەتە بە ئیمانداران کە سۆز و بەزەیی خوایان پێ دەبەخشرێت.

سەرپەیڤ