بانگ کرانی باڵوێزی ئاڵمان لە تورکیا
میدیاکانی ئاڵمان ڕایانگەیاند، تورکیا ، باڵوێزی ئاڵمانی لەئانکاڕا بانگ کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی رۆیتەرز لە بەرلین، ڕاگەیاندنی ئەو پرسە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی تورکیا تائێستا لەمەڕ هەواڵی بانگ کرانی باڵوێزی ئاڵمان هیچ لێدوانێکیان نەخستووەتە ڕوو.
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، ئەوە حەڤدەیەمین جارە کە مارتین ئێردمان باڵوێزی ئەو وڵاتە لە تورکیا، بانگ دەکرێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان هەروەها ڕەخنەی گرت لە ناکۆکی بەدیهاتوو لەگەڵ تورکیا، ئەویش لەکاتێکدا کە وڵاتانی ئوروپایی پێویستیان بەیارمەتی ئەو وڵاتە هەیە بۆ پێش گرتن بە هاتنی ئاوارەکان.
ئاڵمان لەم دواییەدا رەخنەی گرتووە لە سەرکوتکرانی بەرفراوانی لایەنگرانی کودەتا بێ ئەنجامەکەی ساڵی ڕابردوو لەدژ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و داوای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە هەتا زیاتر لە دە شارومەندی ئاڵمانی بەڕەگەز تورک کە لە چەند مانگی ڕابردوو گیراون، ئازاد بکات.