حوزه‌یران 15, 2018 11:39 Asia/Tehran
  • یازدە کوژراو و بریندار لە پەلامار درانی ناوەندی هەڵبژاردەیی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا

لە پەلاماری کەسانی چەکداری نەناسراو بۆ سەر بنکەیەکەی هەڵبژاردەیی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەی تورکیا لە باشووری ئەم وڵاتە، لانیکەم ١١ کەس کوژراو و بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران لە ئانکاراوە، لە پەلاماری چەکدارانەی ئێوارەی پێنجشەممە کرایە سەر یەکێک لە بنکە هەڵبژاردەییەکانی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە لە نزیکی شاری پڕسوس (Suruç) سەر بە پارێزگای شانلی ئورفای تورکیا، لانیکەم سێ کەس کوژران و هەشت کەسی دیکەیش بریندار بوون.

لەم پەلامارەدا یەکێک لە براکانی ئیبراهیم خەلیل یەڵدیز نوێنەری پارتی داد و گەشە لە پەرلەمان کوژرا و چوار برای دیکەیشی بریندار بوون.

هەرچەن کاربەدەستانی فەرمیی تورکیا سەبارەت بە شوناسی پەلاماردەرانی هیچ ڕا و بۆچوونێکیان دەرنەبڕیوە، بەڵام ماڵپەڕی ڕۆژنامەی حوڕییەت بە گێڕانەوە لە شایەتحاڵان نووسی: پەلاماردەران سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە) بوون.

پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تورکیا دێسەمبەری ٢٠١٢ دەست پێ بوو بەڵام دوابەدوای تەقینەوەکەی ژولایی ٢٠١٥ لە شاری پڕسوس (سوروچ) ڕاگیردرا. پاش ئەوە سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە دەستیان کردەوە بە پەلاماردانی بنکە و مەتەرێزەکانی یەکتری. بە پێی ڕیژە و ئاماری بڵاو کراوە لەم ماوەیەدا، لانیکەم حەوت هەزار ئەندامی پەکەکە کوژراون.

هەڵبژاردنی بەروەختی سەرۆک کۆمارەتیی تورکیا ٢٤ی ژوەنی ئەمساڵ بە بەشداریی شەش بەربژار لەوان ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆمار و ڕێبەری پارتی داد و گەشە ، بەڕێوە دەچێ.

بە پێی چاکسازی لە یاسای بنەرەتیی تورکیا کە لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن خەڵکی ئەم وڵاتە پشت راست کرایەوە، بڕیار بوو هەڵبژاردنی دواتری سەرۆک کۆمارەتی و پەرلەمان سێهەمی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ بەڕێوە بچێ.

 

سەرپەیڤ