ئه‌یلوول 01, 2018 01:09 Asia/Tehran
  •  سەرۆک کۆماری تورکیا : ئانکارا پێویستی بە سیستەمی بەرگریی «S-400»ەو گرێبەستەکەشی تەواو بووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمێکدا جەختی کرد: وڵاتەکەی پێویستی بە سیستەمی بەرگریی «S-400»ەو گرێبەستەکەشی تەواو بووەو لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕادەستمان دەکرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە: وڵاتەکەی پێویستی بە سیستەمی بەرگریی S-400هەیە و گرێبەستەکەشی تەواو بووە و لە داھاتوویەکی  نزیکدا ڕادەستیان دەکرێت.

 سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە میانەی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی قوتابخانەی باڵای پیشەی ئەفسەریی وشکانی لە شاری باڵکئەسیر، وتاری پێشکەش دەکرد، پێشی داگرت کە: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەمووان رەوا دەبینرێت، بەڵام کە بابەتەکە تورکیا بوو،وادیارە دەستبەجێ رەنگەکەی دەگۆڕێت و شێوازێکی دیکە پەیدا دەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی ئەو لێدوانەی دا ھەروەھا جەختی کرد: وەک گەل و وڵات هەرگیز لە بژاردەکەمان پەشیمان نین. هەموو خاوەن ویژدانێک ئەوە قبوڵ دەکات، تورکیا کێشەیەکی نییە تا شایانی ئەوەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانیدا رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی و ئابوورییەکەی رووبەڕووی ئەم بارە بە رواڵەت قەیرانە ببێتەوە".

ئەردۆغان جەختیکردەوە کە تورکیا پێویستی بەسیستەمی بەرگریی S-400 هەیە،گرێبەستەکەشی تەواو بووەو لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕادەستمان دەکرێت. 

 سەرۆک کۆماری تورکیا  پێی داگرت : ھەرچۆن لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکا پەیوەندیمان ھەیەو ھاوپەیمانیانین، ھەر بە ھەمان شێوەش، پێویستمان بە بونیاتنانی هەماهەنگی و دامەزراندنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دیکەش دا.

مەبەستی ئەردوغان وڵاتی پتەوکرانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی ڕووسیاو مۆرکردنی گرێبەستی سەربازی لەگەڵ ئەم خەنیمەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە گەلێک جار ئەو پەیوەندییانەی ڕووبەڕووی ڕەخنەو گازندەی بەرپرسانی کۆشکی سپی بووەتەوە. لە دوا ھەڵوێستیش دا ڕۆژی ھەینی داناڵد تره‌مپی سه‌رۆکی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی‌ ئه‌مریکا له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ‌ ئاژانسی‌ بلومبێرگ که‌  بێ ھیوایی خۆی‌ به‌رامبه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌ربڕی‌ و وەک گلەییەکیش باسی ئەوەی کرد کە سەرباری ئەوەی کە ئه‌مریکا هه‌وڵه‌کانی‌ خسته‌گه‌ڕ بۆ ئازادکردنی‌ هاوڵاتییه‌کی‌ تورکی‌ له‌لای‌ ئیسرائیل کەچی تورکیا بێ ئەمەگ بووە بەرامبەر بەو کارە.

ترەمپ ڕاشکاوانە جەختی کرد کە ، ھیچ ھیوایەکی بە ئه‌ردۆغان نەماوە، به‌ڵام لەگەڵ ئەوەش دا  بابزانین بارودۆخه‌که‌ چۆن ده‌بێت.

ئەو گلەییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەر نێوەندگریی ڕاستەوخۆی بۆ ئازاد کردنی «ئیبرۆ ئۆزکان»ی هاوڵاتی‌ی تورکیایە کە لە لای ئیسرائیل بە دیلی ما بووەوە ، کاربەدەستانی ئەمریکی بەھیوا بوون بە ئازاد کردنی ئەو دیلە تورکە، ئانکاراش بۆ ئازاد کردنی ئاندرۆ برانسۆنی قەشەی دەستبەسەر کراوی ئەمریکی ھەنگاو ھەڵبگرێ، کەچی ئەو چاوەڕوانییەیان ھیچی لێ شین نەبووەوە.

لە ماوەی حەفتەکانی ئەم دواییە پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئانکاراو کۆشکی سپی کە بەرلەمەش لە بەر ھێندێک ھۆکاری وەک پشتگریی سەربازیی  واشێنگتۆن لە شەڕڤانانی کوردی سووریاو نەخشەی ڕێگای منبەج، ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گوێلەن کەتورکیا بەگەڵاڵەداڕێژی سەرەکیی کودەتا ناسەرکەوتووەکەی ١٥ی ژوولای٢٠١٦ی تورکیای دەزانێ و ھەروەھا ھەڕەشەی بایکۆت کردن لە بەر کڕینی سیستێمگەلی موشەکیی ئێس چوارسەد لە ڕووسیا  ئاڵۆز ببوو، بەم دواییانەش لە بەر ئەو قەشە ئەمریکییەی کە لە تورکیادا دەست بە سەرە پتر لە جاران تێکچووە. لە دوا ھەنگاویش دا وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا عه‌بدولحه‌مید گوێل وه‌زیری داد و سوله‌یمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیای لە بەر ڕەت کردنەوەی داخوازیی ئازاد کردنی قەشە ئاندرۆ برانسۆنی ئەمریکی و دەست ھەبوونیان لە دەستبەسەر کرانی ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٦ دا بایکۆت کردو نرخنامەو باجی دووھێندەش بە سەر ھاوردەی فافۆن و پۆڵا لە تورکیاوە بۆ ئەمریکا سەپێندرا.

سەرپەیڤ