تشرینی دووه‌م 21, 2020 21:44 Asia/Tehran
  • هیومان ڕایتس وۆچ داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات

ڕێکخراوی بەرگری مافەکانی مرۆڤ داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات بەپەلە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازادبکات.

 

ڕێکخراوی بەرگری مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) ڕۆژی هەینی 20ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، دەستگیرکردنی دەمیرتاش و هەشت ئەندامی دیکەی هەڵبژێردراوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمان بەر لە چوار ساڵ، سەرەتای هێرشێکی بەردەوامی حکومەتە بۆ سەر ئەو حزبە و بەشێکە لە هەڵمەتێکی شوێنکەوتن و دەستگیرکردن کە پاڵنەرێکی سیاسی هەیە، پاش هەوڵی کودەتاکەی ناوەڕاستی تەمموزی 2016.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت، “پێویستە لەسەر حکومەتی تورکیا پێداچوونەوە بە دەستبەسەرکردنی پەرلەمانتارانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلاندا بکات، لەنێویشیاندا فیگەن یوکسەکداغ، ھاوسەرۆکی پێشووی حزبەکە، کە دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ هێشتا هیچ حوکمێکی دەربارەی نەداوە”.

هیو ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری بەشی ئەوروپا و ئاسیای ناوەندی هیومان ڕایتس وۆچ وتی، “حکومەت بەکارهێنانی دەستبەسەرکردن و ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە تاوانی خراپ بەکارهێناوە لە هەڵمەتێکدا دژ بە دەمیرتاش بەتایبەتی، سەرەڕای پێشێلکردنی بڕیاری دادگای ئەوروپا بۆ مافەکای مرۆڤ دەربارەی ئازادکردنی، بەهۆی تێوەگلاندنی بە تاوانی نوێی بێبنەما بۆ هێشتنەوەی لەودیوی زیندان”.

دەمیرتاش و ئەوانی دیکە کرانە ئامانج بەهۆی ئەوەی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی پارتی دیموکراتی گەلانیان بەرامبەر حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،ی سەرۆکی تورکیا کرد، وەک ئەوەی ڕێکخراوەکە دەیڵێت.

لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 دادگاکانی تورکیا بڕیاریاندا بە دەستبەسەرکردنی 9 ئەندامی هەدەپە لە پەرلەمان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر، لەنێویشیاندا دەمیرتاش و یوکسەکداغ، پاش چەند کاتژمێرێک بەسەر دەستگیرکردنی ئەوان و سێ ئەندامی دیکەی پارتەکەدا لە نیوەشەودا لە هەڵمەتێکی ڕێکخراودا لە چەند شارێکی جیاواز.

هەر دوێنێ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە دەسەڵاتدارێتی تورکیا یاداشتی دەستەبەسەرکردنی دەرهەق بە 101 کەس دەرکردووە کە لەنێویاندا پارێزەر هەیە لە هەڵمەتێکی فراواندا کە تیایدا چالاکوانانی کورد کراونەتە ئامانج.

بەپێی ئاژانسەکە دوابەدوای دەرکردنی یاداشتەکان پۆلیس لە یەک کاتدا چەند هەڵمەتێکی لە شارەکانی (دیاربەکر، ئەستەنبوڵ، ئیزمیر و ئەدیامان) ئەنجامدا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە تیایدا پارتی (کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی) کراوەتە ئامانج.

سەرپەیڤ