کانونی یه‌که‌م 25, 2020 20:31 Asia/Tehran
  • «سەلاحەددین دەمیرتاش»:تورکیا گەورەترە لە گروپێکی داگری پێنج چەتە،بەهێزبن و دژ بە ناسۆرییەکان بوەستن

«سەلاحەددین دەمیرتاش» ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە بەندیخانەوە پەیامێکی ڕوو لە گەلی تورکیا بڵاو کردووەو ڕایگەیاند: تورکیا گەورەترە لە گروپێکی داگری پێنج چەتە،بەهێزبن و دژ بە ناسۆرییەکان بووەستن.

دوابەدواى بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەمەڕ ڕاسپاردنی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئازادکردنی «سەلاحەددین دەمیرتاش» ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، ناوبرا لە زیندانی «ئێدیرنە» و لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە پەیامێکی بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند: شتێکی ڕوونە کە تەواوی ئەو بەناو ڕێکارە یاساییانەی دژی من و هاوڕێیانم گیراونەتە بەر ئامانجی سیاسی لەپشتەوە بووە و هیچیان یاسایى نه‌بوون.

«دەمیرتاش» وێڕای ئاماژەکردن بەمەی کە، تورکیا گەورەترە لە گروپێکی داگری پێنج چەتە ، وتیشی: سەیری ئەوە مەکەن کە هات و ھاوار دەکەن و ھەراوھوریا دەنێنەوە،ئەوانە بەو کارانەیان بەنیازن ترس و لاوازی و دۆش دامانی خۆیان بشارنەوە، کەوا بوو بەهێزبن و دژ بە ناسۆرییەکان بوەستن، وەک چۆن من لە ئێستادا ئەو کارە ئەنجام دەدەم، ئێمە بەهێز و بە هەڵوێست و بەڕەوشتین، هەموومان پێکەوەیت و سەرەنجام ھەر سەردەکەوین خەمتان نەبێت.

ڕۆژى چوارشەممە ٢٣ی ئەم مانگە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەوڵەتی دادوگەشەی تورکیای ڕاسپاڕد ھەتا  دەستبەجێ «سەڵاحەددین ده‌میرتاش»  ئازاد بکات ، کەچی ھەتا ئێستا تورکیا ئەو داخوازییەی بەھەند نەگرتووە.

سەرپەیڤ