پارێزەری دەمیرتاش : سەلاحەدین دەمیرتاش بەمزوانە ئازاد دەکرێت
پارێزەرێکی سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاشکرای دەکات، لەماوەیێکی نزیکدا هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئازاد دەکرێت.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحسونی کارەمان پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی دوڤار-ی تورکی رایگەیاندووە: ناکرێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بڵێن بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش جێبەجێ ناکەن.
ناوبراو جەخت دەکاتەوە پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤ ماددەیێکی دەستوورییە و لە دەستووری تورکیادا هەیە، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا ئەو ماددەیە بۆ دەستوور زیاد کراوە، بۆیە دووپاتیدەکاتەوە، رەت کردنەوەی بڕیاری ئازاد کردنی دەمیرتاش، رەت کردنەوەی دەستوورە.
پارێزەرەکە ئاشکراشی کردووە، لەم نزیکانەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت، پێشی وایە، ئەو بڕیارەی دادگای ئەورووپا کاریگەریی لەسەر دۆسییەی ئەو سیاسەتمەدارە کوردانەی دیکەش دەبێت، کە ئێستا لە زیندانن و رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئازاد کردنیان.