ئادار 21, 2021 14:43 Asia/Tehran
  • پۆلیسی تورکیا په‌رله‌مانتارێکی کوردی ھەدەپەی ده‌ستگیر کرد

پۆلیسی تورکیا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ عومه‌ر فاروق چه‌رچلی ئۆغڵۆی ئه‌ندامی فراکسیۆنی ھەدەپە له‌ په‌رله‌مانی تورکیای ده‌ستگیرکرد.

 

پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رایگەیاند، پۆلیسی تورکیا له‌کاتی نوێژی به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌دا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ هه‌ڵیانکوتاوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاکه‌یان و عومه‌ر فاروق جه‌رجلی ئۆغڵوی ده‌ستگیرکردوه‌، ڤیدیۆی شێوازی ده‌ستگیرکردنی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ و نوسراوی دادگای خستوه‌ته‌ڕو که‌ عومه‌ر فاروق چه‌رچلی ئۆغڵۆی پێ تۆمه‌تبارکراوه‌.

چه‌ند کاتژمێرێک به‌له‌وه‌ی ده‌ستگیربکرێت، عومه‌ر فاروق چه‌رچلی ئۆغڵۆ هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتی له‌ په‌رله‌مان ره‌تکرده‌وه‌ و  ئیدانه‌ی "پڕوپاگه‌نده‌ی تیرۆر"ی کرد که‌ خراوه‌ته‌ پاڵی.

به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی دادگا که‌ پۆلیس پشتی پێ به‌ستوه‌ بۆ ده‌ستگیرکردنی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، چه‌ندین دروشمی وتوه‌ته‌وه‌ له‌کاتی کۆبونه‌وه‌ی حزبه‌که‌یدا، هه‌روه‌ها ده‌نگی "بژی ئاپۆ" له‌ناو کۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌که‌وه‌ بیستراوه‌، وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) که‌ له‌ ساڵی 1999ه‌وه‌ له‌ تورکیا زیندانیکراوه‌.

له‌ به‌ڵگه‌نامه‌که‌دا هاتووه‌، وه‌ک به‌شێک له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کان، عومه‌ر ئۆغڵۆ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانتاری دورخراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام وه‌ک په‌رله‌مانتار هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات و بینای حکومه‌تی جێنه‌هێشتوه‌ و ئه‌مه‌ش نایاساییه‌.

 مانگی شوباتی رابردوو، په‌رله‌مانی تورکیا پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر عومه‌ر فاروق چه‌رچلی ئۆغلۆی ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌لیستی هه‌ده‌په‌ هه‌ڵگرت به‌بیانووی "پروپاگه‌نده‌ بۆ رێکخراوێکی تیرۆرستی" که‌ مه‌به‌ست لێی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌ و ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌ش ده‌ستگیرکردنی ناوبراو بوو.

سەرپەیڤ