نیسان 01, 2021 19:30 Asia/Tehran
  • داوود ئۆغڵو: داخستنی ھەدەپە، بەس بە قازانجی قەندیل و ئیمراڵی دەشکێتەوە

«ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو» سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووتری تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا، لە ھەڵوێستێکدا لەمەڕ ھەوڵی داخشتنی پارتی دیموکراتی گەلان، ڕایگەیاندووە: لەگەڵی دا نیم، داخستنی ھەدەپە، بەس بە قازانجی قەندیل و ئیمراڵی دەشکێتەوە.

«ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو» سه‌رۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی «ئایندە»ی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە قەت لەگەڵ داخستنی ھەدەپە نییەو ئاوا ھەنگاوێک بەس بە قازانجی ڕەوتی قەندیل و ئیمراڵی دەشکێتەوە و ئەوانە سودی لێ دەبینن.

 سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووتری تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، داخستنی پارتێک به‌واتای سنوردارکردنی دیموکراسی و سیاسه‌ته‌، منیش دژی ئه‌وه‌م و پێشتریش ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووە که‌ داخستنی پارت ھیچ قازانج و دەرەنجامێکی نابێت.

به‌ قسەی «داوود ئۆغڵو»، له‌داخستنی هه‌ده‌په‌دا ته‌نیا ئیمراڵی و قه‌ندیل سودمه‌ند ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا بازنەی سیاسەتی ئەوان بەرتەسک بێتەوە، بازنەی تیرۆری قەندیل بەرفراوانتر دەبێت، ئەمەش وەکو هاوکێشەیەکە.

سه‌رۆکی پارتی ئاینده‌ لەو باوەڕەدایە کە ، داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان  په‌یامێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێن: رێگەی کاری سیاسیتان نادرێتێ و دەبێ ڕوو لە شاخ بکەن.

«داوود ئۆغڵو» دڵنیاییشی دا کە، سەرۆک کۆماری تورکیا لەم بابەتەدا هیچ قسەیەکی نەکردووە، چونکە ئەمە دژی بنەماکانی ئەوە، ئه‌و به‌درێژایی ژیانی وتوویه‌تی داخستنی پارته‌ سیاسییه‌کان هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وادیارە ئێستا له‌ژێر فشاری «مه‌هه‌په‌»دایه‌.

سەرپەیڤ