نیسان 27, 2021 20:42 Asia/Tehran
  • کۆرۆنا تورکیای قەپات کرد

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەرنگار بوونەوەی تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا فەرمانی داخرانی سەرتاسەری لەم وڵاتەی دەرکرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلو، ئەردوغان ڕایگەیاند: بۆ پێشگرتن بە تەشەنای ڤایرۆسی «کۆڤیدی_١٩» داخرانی سەرتاسەری لە کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممەی ئەم حەوتەیە دەست پێ دەکات و ھەتا کاتژمێر ٥ی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی مانگی مای بەردەوام دەبێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵپەسێردرانی چالاکیی ھەموو ئیش و کارەکان بێجگە لە ھێندێک نمونە،وتی: ھاتوچۆی نێوان شارەکان مەرجدار دەبێ بە ھەبوونی مۆڵەتەوەو کەرەستەکانی گواستنەوەی نێوان شارەکان بە بارستایی لەسەدا ٥٠ مۆڵەتی چالاکییان دەبێت.

ئەردوغان وتی: ئەم بەرتەسکیانە جێگا گرتن لە ھوتێلەکان و ماوەندەکانی حەسانەوەو ھەروەھا قەدەغەی ھاتوچۆو گەشتی نێوان شارەکانیش دەگرێتەوە.

بە قسەی ئەردوغان، مۆڵ و فرۆشگەکان لەم ماوەیەدا ڕۆژانی یەکشەممە قەپات دەبێت و لە ڕۆژانی دیکەش دا بە پێی کاتی دیاری کراو کراوە دەبن.

ڕەوتی توشبوون بە کۆرۆنا لە تورکیا لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە لە ھەڵکشاندا بووەو ئەمەش ھەمان بابەتە کە بووەتە ھۆی ترس و پەرۆشیی کاربەدەستانی ئەم وڵاتە. 

سەرپەیڤ