19 ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیرکران
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە و کەجەکە، لەپارێزگای ئامەد و ماڕاش 19 (نۆزدە) ئەندام و لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یان دەستگیرکرد.
میدیاکانی نزیک لەهەدەپە بڵاویانکردەوە، دوێنێ ھەینی هۆبەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لە پۆلیسی ئامەد هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی 22 (بیست و دو) ئەندام و لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجامداوە کەلەسەر فەرمانی داواکاری گشتی ئامەد فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
لەئەنجامی هەڵمەتەکەشدا 18 کەس لەئامەد و یەکی کەسی دیکەش لە پارێزگای ماڕاش دەستگیرکران و گوازرانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئامەد.
لە دوای ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر گارە لە 10ی شوباتی ئەمساڵ، کە کوژرانی 13ی دیلی تورکیای لێکەوتەوە، فشارەکانی سەر هەدەپە زیاتر بون، بەڵام بەرپرسانی هەدەپە دەڵێن گوێ بە فشارەکان نادەن.