سەرنووسەری ماڵپەڕی تالیبان: تورکیا با کۆتایی بە داگیرکردنی ئەفغانستان بھێنێ
سەرنووسەری ماڵپەڕی فەرمیی تالیبان وێرای پێداگرتن لە سەر کۆتایی ھاتی داگیرکاری لە لایەن تورکیاو ھێزە بیانییەکانی دیکە وتی: بە نیازی بڕیاردانی یەکلایەنە بۆ حکومەتی داھاتووی ئەفغانستان نین.
بە پێی ڕاپۆرتی تەسنیم، «ئەنعام حەبیب زادە» سەرنووسەری ماڵپەڕی «ئەلئیمارە» لە بارەی پەرە سەندنی ھێرشەکانی تالیبان و ڕێککەوتننامەی ئەم تاقمە لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان لە دەوحە، وتی: لە ھیچ بڕگەیەکی ڕێککەوتنەکەی دەوحە ئاماژە بەوە نەکراوە کە تالیبان ھێرش نەکاتە سەر شارە گەورەکان یان داگیریان نەکات.
وتیشی: ڕێککەوتنەکەی قەتەر ھەتا کاتێک مانای ھەبوو کە ئەمریکیەکان پابەندی بوون، بەڵام ئەو ھەموو ڕاپۆرتە لە بارەی پێشێلکارییەکانیانەوە ھەیە.
ئەم ئەندامەی تالیبان لە درێژەدا وێڕای ئاماژە کردن بە پابەند نەبوونی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی وتیشی: ھێشتا زیندانییەکانی تالیبان بە تەواوی بەر نەدراون و زۆرێک لە ڕابەرەکانی ناویان لە پێرستی ڕەشی تیرۆریستی دایە، بەم پێیە ئیمارەتی ئیسلامی بۆ دەبێ پابەندی ڕێککەوتنەکەی دەوحە بێت؟ ئەمە جیا لەوەی کە دەوڵەتی «ئەشرەف غەنی»ش بەردەوام باسی ئۆپراسیۆنی دژی تالیبان دەکات.
ئەم سەرنووسەرەی ماڵپەڕی «ئەلئیمارە» وتیشی: پاش کۆتایی ھاتنی ئاگربڕە سێ ڕۆژەکەی جێژنی ڕەمەزان، ئەمە کاربەدەستانی دەوڵەت لە کابۆل بوون کە ئۆپراسیۆنی دژی ئەم تاقمەیان لە «ھیلمەند» دەست پێ کرد. ھەر بۆیە لە ئێستادا گەییشتنی تالیبان بە دەروازەکانی شارە گەورەکان لە ڕاستی دا کاردانەوەی بەرامبەر بەو ئۆپراسیۆنانەی دوژمنە.
«حەبیب زادە» لە کۆتایی دا جارێکی تر باسی ڕاپۆرتەکانی ھاوپەیوەند بە ئامادە بوونی ھێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستانی کردو وتی: تورکیا بەشێکە لە پەیمانی ناتۆو لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لە داگیرکردنی ئەفغانستان ھاوکاریان بووەو دەبێ خاکی ئەم وڵاتە بەجێ بێڵێ و وەک پێشتریش وتوومانە تەواوی ھێزەکانی بیانی دەبێ لە ئەفغانستان بڕۆن، تورکیاش ھیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەوان دا نییە.