بەردەوامیی دابەزینی دراڤی نیشتیمانیی تورکیا
بایەخی لیری دراڤی نیشتیمانیی تورکیا ھەروا ڕوولە سەرەولێژییەو یەگبین لێی کەم دەبێتەوە.
بایەخی لیری تورکیا لە بەرامبەر دۆلار ئەمڕۆ پێنج شەممە بە گەییشتن بە ٩ لیرو ٩٧ قروش زیاترین ڕادەی دابەزینی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بە خۆیەوە بینیوە.
ھەڵبەت کەناڵی یۆرۆنیوزیش ھەر ئەمڕۆ پێتج شەممە باسی ئەوەی کردووە کە لە بازاڕەکانی تورکیادا دۆلار بە ١١ لیرو ٤١ قروش سەودای پێوە کراوە کە دیارە ئەمەش ڕەچەیەکی تازە لەم بوارەدا دێتە ئەژمار.
کارناسانی تورکیا جیا لە قەیرانی کۆرۆنا، ھۆکارگەلێکی وەک پەرە سەندنی قەیرانە سیاسییەکان لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتە ئەورووپییەکان، ئاڵۆزیی ناوچەکە، کەم بوونەوەی پاشەکەوتی دراڤی و ھەڵشکان لە پیشەی گەشتکاری و ھەڵاوسانی ئابووریی لە ڕادەبەدەر و دەستوەردانی دەوڵەتی تورکیا لە کاروباری بانکی ناوەندی بە ھێندێک ھۆکاری دیکەی دابەزینی بایەخی لیر لەم وڵاتە دەزانن.
ڕۆژنامەکانی تورکیاش وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە بەر دابەزینی بایەخی دراڤی نیشتیمانیی نیگەرانییان دەربڕیوە.