ئادار 09, 2022 21:43 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی ناڕەزامەندییەکان بەرامبەر بە سەردانی سەرۆکی ڕژێمی زایونی بۆ تورکیا

دەستەیەک لە لاوانی تورکیایی بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە سەردانی سەرۆکی ڕژێمی زایونی بۆ وڵاتەکەیان ئاڵاکانی ئەو ڕژێمەیان لە شەقام و بازاڕدا ھێنایە خوارەوەو سووتاندنیان.

سەرباری ناڕەزامەندییەکانی جەماوەری تورکیا لەگەڵ سەردانی «ئیسحاق ھێرتزۆک» سەرۆکی ڕژێمی زایونی بۆ وڵاتەکەیان، ناوبراو دوای نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە بە پێی بانگێشتنی فەرمیی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا گەییشتە ئانکارای پێتەختی ئەم وڵاتە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لاوانی تورکیا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە ئاڵاکانی ڕژێمی زایونییان ھێنایە خوارەوەو لە پاش سووتاندنیان ئاڵای فەلەستینیان لە باتییان دا ھەڵواشی.

جەماوەری ئەستەمۆڵی تورکیاش ڕۆژی سێ شەممە وێڕای بەرپا کردنی خۆپیشاندانی دژی زایونی ئاڵاکانی ئەو ڕژێمەیان سووتاند.

ناڕازییان ڕۆژی ڕایردوو بە ھەڵدانی دروشمی «اللە اکبر» و ھاواری «نەمان بۆ ئیسرائیل» و «نەمان بۆ ئەمریکا» ڕق و بێزاریی خۆیانیان بەرامبەر بە گەشتەکەی «ھێرتزۆک» دەربڕی.

ھاوکات «تەمەڵ کارامەلا ئوغلو» سکرتێری گشتیی پارتی «بەختیاری»ی تورکیا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە سەردانەکەی «ئیسحاق ھێرتزۆک»ی سەرۆکی ڕژێمی زایونی بۆ ئانکارا لە ٨١ پارێزگای ئەم وڵاتەدا خەڵکی بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بەم ڕووداوە بانگێشتن کرد.

سەردانی «ئیسحاق ھێرتزۆک» سەرۆکی ڕژێمی زایونی بۆ تورکیا لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە بە سەرۆکایەتیی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» گەلێک جار ڕایانگەیاندووە کە لە گەلی فەلەستین لە بەرامبەری داگیرکارییەکانی ڕژێ می زایونی داکۆکی دەکەن، کەچی وادیارە ئەو داکۆکییە بەس لە ئاستی قسە دا بووە.

سەرپەیڤ