بانگکرانی باڵوێزی سویید لە ئەنقەرە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا
ئانکارا ڕۆژی پێنجشەممە، باڵوێزی سویید لە ئەنقەرەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڵاوکرانەوە و ھەڵواسرانی کاریکاتێری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە بانگ کرد.
بە قسەی میدیاکانی تورکیا، ڕۆژی پێنجشەممە کاریکاتێرێکی ئەردۆغان لە دەرەوەی بینای شارەوانیی ستۆکهۆڵم هەڵواسراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەم کارەیان بە "پڕوپاگەندەی تیرۆریستی" لە لایەن لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و گرووپە چەکدارە کوردییەکانی دیکە زانیوە.
تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئەنقەرە بە توندی ئیدانەی ئەم "کردەوە قێزەونە" دەکات و ناڕەزایەتیی خۆی بۆ باڵوێزی سویید دەربڕیوە.
کاربەدەستانی تورکیا هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەنقەرە لەگەڵ سویید و فینلاند و پابەندبوونی ئەو وڵاتانە بە بەرنگار بوونەوەی میلیشیا کوردییەکانە وەک مەرجێک بۆ ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە «ئۆلف کریستێرسۆن» سەرۆک وەزیرانی سویید ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی ناتوانێت هەموو داواکارییەکانی تورکیا لە پێناوی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) جێبەجێ بکات.