شوبات 06, 2023 06:40 Asia/Tehran
  • ڕوودانی بوومەلەرزە پارێزگایەکی تورکیای ھەژاند

شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە دوو بوومەلەرزەی قورس پارێزگایەکی تورکیای ھەژاندو ھەواڵەکان دەربڕی لێکەوتەو کاولییەکی زۆرن لە ئەنجامی ڕوودانی ئەم بوومەلەرزە بە تەوژمە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ھەواڵدەریی ئانادۆلۆ، شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە بوومەلەرزەیەکی قورس پارێزگایەکی تورکیای ھەژاندو ھەواڵەکان دەربڕی ئەوەن کە لە ئەنجامی ڕوودانی ئەم کارەساتە سروشتییە کاولییەکی زۆر دروست بووە، بەڵام ھێشتا ھیچ ھەواڵێک سەبارەت بە ڕادەی زیانی گیانی و قوربانییەکانی ئەم کارەساتە سروشتییە بڵاو نەبووەتەوە.

ھەواڵدەرییەکانی تورکیا ناوەندی ڕوودانی بوومەلەرزەکەیان قەزای «پازارجیک» ڕاگەیاندووەو ھەر لەم پەیوەندییەدا  سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (AFAD) ش لە ئاگاداری نامەیەک دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە: لە قەزای «پازارجیک» لە «کاھرمانماڕەش» بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ پلە تەواوی ئەو ناوچەیەی ھەژاندووە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوەی زەوی ناسیی ئەمریکاش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو بوومەلەرزە بە تەوژمی ۷/۸ و ھەروەھا ۶/۷ بە پێوەری ڕیختەر بە مەودای دە خولەک باشوورو ناوەڕاستی تورکیای ھەژاندووە.

بوومەلەرزەکەی یەکەم بە تەوژمی ۷/۸ لە قوڵایی ١٨ کیلۆمەتریی زەوی و بوومەلەرزەکەی دووھەمیش بە تەوژمی ۶/۷ بە پێوەری ڕیختەر لە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتریی زەوی دا ڕووی داوە.

وەک باسی دەکرێت گەورەیی ئەم بوومەلەرزە بە ڕادەیەک بووە کە جەماوەری تەواوی تورکیا و ھەروەھا وڵاتانی سووریا، لوبنان، عێراق، ڕۆژئاوای ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەش ھەستیان پێ کردووە.

سەرپەیڤ