شوبات 06, 2023 08:10 Asia/Tehran
  • ھەڵمەتی فریاکەوتن لە ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکانی تورکیا دەستی پێ کردووە

وەزیری نێوخۆی تورکیا وەک یەکەم کاربەدەستی فەرمیی ئەم وڵاتە لە بارەی کارەساتە سروشتییەکەی شەوی ڕابردووەوە ھاتە دەنگ و باسی دەست پێ بوونی ھەڵمەتی فریاکەوتنی لێقەوماوان لە ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکانی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی تورکیا «سولەیمان سۆیلۆ» وەزیری نێوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە: ھەڵمەتی فریاکەوتنی لێقەوماوان لە ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکانی دەستی پێ کراوە.

سۆیلۆ ھەروەھا باسی ڕوودانی چەندین وردە بوومەلەرزەی دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکەشی کردووە لە باشووری ئەم وڵاتە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ڕایگەیاندووە: ھێشتا بە وردی ناتوانین بڵێین کە چەندە زیانمان وێکەوتووەو کارەساتەکە چەند کەس قوربانیی لێ کەوتووەتەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا پارێزگاری عوسمانییە لە باشووری تورکیاش دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەو وێران بوونی باڵەخانەکانی ئەم ناوچەیە، گیان لەدەستدانی ٥ کەسی ڕاگەیاند. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاژانسی فرانس پرێس ژمارەی کوژراوانی ١٥ کەس ڕاگەیاندووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی ئانادۆڵیش باسی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە ناوچەی «کاهرەمان»ی کردووە دوای بوومەلەرزەکەی بەیانی ئەمڕۆ.

شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە دوو بوومەلەرزەی قورسی یەک لە دوای یەک بە گوڕی ۷/۸ و  ۶/۷ بە پێوەری ڕیختەر قەزای «پازارجیک»ی سەربە پارێزگای «کاھرەمان ماڕەش»ی ھەژاند. ئەم بوومەلەرزە نەک ھەر لە تەواوی تورکیا و بەڵکو لە وڵاتانی سووریا، لوبنان، عێراق، ڕۆژئاوای ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەو کیشوەری ئەورووپاش ھەستی پێ کراوە.

سەرپەیڤ