کاندیدێکی سەرۆکایەتیی تورکیا: ملیۆنان کورد وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت
«کەمال کلیچدارئۆغڵو»، کاندیدی هاوپەیمانیی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی تورکیا لەپەیامێکدا رایگەیاندووە: هەرکات کۆشکی چانکایا بزانێ کە لە هەڵبژاردندا دەیدۆڕێنێ، خێرا گێچەڵێک بۆ کورد دەگێڕێ و وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات کە بەڕاستی جێگای شەرمەزارییە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیایەکی ھەرێمی کوردستان، «کەمال کلیچدارئۆغڵو»، کاندیدی هاوپەیمانیی نیشتیمانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی تورکیا کە هاوکات سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە)شە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بەناونیشانی «کورد» رایگەیاندووە: یاسای پێکەوەژیان و برایەتیمان لەبیر مەکەن، چارەنوس ئێمەی کۆکردووەتەوە و تورک و کوردی کردووەتە برا، کەچی لە ئێستادا ملیۆنان کورد وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
«کەمال کلیچدارئۆغڵو» لە پەیامەکەی دا ڕاشیگەیاندووە: لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا هەرکات کۆشکی چانکایا زانی بێتی دەیدۆڕێنێ، دۆخی چەواشەکاری لە بارەی کورد و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەکو تیرۆریست دەست پێدەکات، بەڕاستی شەرمەزارییە، لە ئێستادا ملیۆنان کورد وەک تیرۆرست ناسێندراون و لەناودەبرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژانە بەبێ وەستان ملیۆنان دۆلار لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا خەرجدەکەن، بۆئەوەی سوکایەتی بە من بکەن، یان وەک تیرۆریست مامەڵە لەگەڵ کورد بکەن، گەلەکەمان لە دەوڵەت نامۆ دەکەن، بۆچی؟ بۆ سێ یان ئەوپەڕی پێنج دەنگ، بەڕاستی شەرم ناکەن؟.
لە درێژەی ڤیدیۆکەدا، «کلیچدارئۆغڵو» باسی لەوەش کردووە، چارەنوسێک هەیە ئێمەی کۆکردووەتەوە و تورک و کورد دەکاتە برا، هیچ خۆشەویستییەکی قوڵ وەک خۆشەویستیی برایانە نییە، چەندین سەدە پێکەوە ژیاوین، ئێستاش لە پێناوی چەند دەنگێک ، هەرگیز ڕێگە نادەین کەس زیان بە برایەتیمان بگەیەنێت.