ئەردوغان: بەرامبەر بە ئەمریکا و بنپێکەرانی مافی مرۆڤ ڕادەوەستین
سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاردانەوە بە ڤیتۆکرانی پێشنووسی بڕیارنامەی ئاگربڕی غەززە لە لایەن واشینگتۆنەوە پێی داگرت کە وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئەمریکا و بنپێکەرانی دیکەی مافی مرۆڤ ڕادەوەستێ.
ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: وڵاتانی ڕۆژاوایی بە بیانووی ئازادیی ڕادەربڕین، کردەوەگەلی دژەئیسلامییان بە یاسایی راگەیاند، پشتی سووکێتیکەرانیانیان گرت و هانیان دان و ئێستاکە ئیتر ترساندن لە ئیسلام و تۆقاندن لە بیانی کە وەک گژ و گیایەکی ژاراوەی هەموو کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکانی تەنیوەتەوە، یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی: بێ گومان موسڵمانان وەکوو زۆرینەی کۆچبەران، زیاترین زیان دەبینن لە تۆقاندن لە بیانی، نەژادپەرستی و فاشیزمی ڕۆژاوا و ئێستایش بە ئاشکرا دەبینن کە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لە غەززە و فەلەستینی داگیرکراو چۆن پێشێل دەکرێ.
ئەردوغان سەبارەت بە ڤیتۆکرانی پێشنووسی بڕیارنامەی ئاگربڕی غەززە لە لایەن واشینگتۆنیشەوە پێی داگرت: بە داخەوە پێشنووسی بڕیارنامەی ئاگربڕی غەززە تەنیا لەبەر دەنگی نەرێنیی ئەمریکا پەسەن نەکرا، واشینگتۆن داکۆکیی دراوی و چەکەمەنی لە ئیسراییل دەکات و ئێمەیش بەرامبەر بە ئەمریکا و هەموو ئەو وڵاتانەی ڕادەوەستین کە مافی مرۆڤ بنپێ دەکەن.