کانونی دوھەم 24, 2024 18:30 Asia/Tehran
  • سەفەری سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تورکیا

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بۆ بەشداربوون لە دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا لەسەرووی شاندێکی ئابوریی-سیاسی بەرەو ئانکارا کەوتەڕێ.

سەید ئیبراهیم رەئیسی پاشان بەفەرمیی لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکراو بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە کۆشکی سەرۆک کۆماریی، لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دیدارو وتووێژی کردو دواتر هەشتەمین دانیشتنی ئەنجومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا بە سەرۆکایەتی دوو سەرۆک کۆمار بەڕێوە چوو.

لەو دانیشتنەدا، سەنەدەکانی هاوکاری لەبواری ئاسنەڕێ، ئاڵووێری وزە، چالاک کرانی ناوچە هاوبەشە تیجارییەکان لەلایەن بەرپرسانی باڵای دوو وڵات واژۆ کرا.

هەروەها دوو وڵات بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان وهاوکاریی ئابوریی و پرسە ناوچەییەکان بەتایبەت دۆخی غەززە، دە سەنەدی هاوکاریان ئیمزا کرد.

هەروەها دوو سەرۆک کۆماری ئێران و تورکیا بەشداری دانیشتنی هاوبەشی بازرگانان و چالاکانی ئابوریی ئێران و تورکیا دەبن.

سەید ئیبراهیم رەئیسی لە درێژەی سەفەرەکەیدا هەروەها لەگەڵ ئێرانیانی دانیشتووی ئەو وڵاتەش دیدار دەکا.

 

 

سەرپەیڤ