ئادار 28, 2025 18:50 Asia/Tehran

چاودێرانی پرسە سیاسییەکانی تورکیا پێیان وایە کە ئەردۆغان هەوڵ دەدات پێش پرۆسەی دەنگدان بە پلانی نوێ ڕکابەری سەرەکی پارتەکەی کە جەهەپەیە لاواز بکات بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی کە ماوە تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە بەردەوام بێت لە زاڵبوونی بەسەر تورکیادا.

پێشهاتەکانی ئەم ڕۆژانە لە تورکیا، لەوانە دەستپێبوونی  پرۆسەی ئاشتی ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکانی ئەم وڵاتە و دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و بەرپرسی باڵای پارتی کۆماریخوازی گەل، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرۆک کۆماری تورکیا بە دەستگیرکردنی ڕکابەرە سەرەکییەکەی و دابەشکردنی هاوپەیمانی میللەت، هەوڵدەدات پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) بکاتە پارتێکی گوێڕایەڵ و کۆنترۆڵکراو بە مەبەستی دەستەبەرکردنی باڵادەستیی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) بەسەر تورکیادا لە درێژماوەدا. بێگومان حکومەتی ئەردۆغان لە ترسی بیروڕای گشتی تورکیا بۆ ئێستا دژایەتی کۆنتڕۆڵکرانی ئەستەموڵ لەلایەن پارتی کۆماریخوازی گەلەوە ناکات، چونکە جێگرەوەی ئیمامئۆغڵو کەسێکی دیکەیە لە جەهەپەوە، کە هەڵبەت چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەردوغان بەنیازە دووبەرەکی بخاتە نێو جەهەپە لە ناوەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە ئاشتەوایی ڕوولەگەشەی نێوان حکوومەتی ئەردۆغان و کوردەکانی تورکیا دۆخێکی سەختی ناوەتە بەر پێی جەهەپە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پارتە سیاسییەکانی تورکیا و خەڵکی ئەم وڵاتە لەم ساڵانەدا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەردوغان بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆی چۆن هەڵوێست و هەنگاوی بە ئاسانی دەگۆڕێ و هەر لەبەر ئەوەیشە  کە تا ئێستای پێشهاتەکانی تورکیا، DEM-Prti کە پشتیوانیی جەهەپە دەکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ناکۆکییە نوێیانەی لە نێوان ئەوان و جەهەپەدا هاتۆتە ئاراوە، دەستگیرکرانی ئیمامئۆغڵوی وەک هێرشێک بۆ سەر دیموکراسی پێناسە کردووە و شەرمەزاری کردووە. لە لایەکی دیکەوە هاوپەیمانییەکەی ئاکەپە و مەهەپە زۆرینەی پەرلەمانی بە دەستەوە نییە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری یاسایی لە بەرژەوەندی ئەردۆغاندا بکات، بۆیە پێدەچێت ئامانجی سەرەکیی ئەردۆغان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گەورە بێت لەگەڵ DEM- Parti. دەستگیرکرانی ئیمامئۆغڵو ئەوەی دەرخست کە ئەردۆغان هەرگیز نابێتە شەریکێکی متمانەپێکراو و DEM- Partiـیش پێویستە لە جیاتی ئەوەی یارمەتیی ئەردوغان بدات لە هێزگرتنی زیاتر و چەسپانی دەسەڵاتی، واقیعبین بێت و دەنگدەرانی کوردی تورکیا نەکاتە قوربانیی سیاسەتەکانی ئەردۆغان.

سەرپەیڤ