جڤینی ئۆپێک، پێویستی پاراستنی "گەڵاڵەی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت"
ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت بە ناوی ئۆپێک (OPEC)، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی نەوتییە کە لە وڵاتانی ئێران، کوێت، جەزایەر، لیبی، نیجریا، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارەتە یەکگرتووە عەرەبییەکان، ئێکوادۆر، ئانگۆلا و ڤێنێزۆئێلا پێکهاتووە. 12ی سێپتەمبەری 1960ی وڵاتانی بنێری نەوت بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراند.
سەد و هەفتاد و سێهەمین جڤینی ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت (ئۆپێک) ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شوێنی هەمیشەیی ئەو ڕێکخراوەیە لە ڤیەنا بەڕێوە دەچێت. هەوڵدان لە پێناو پاوەجێ کردنی دۆخی ئێستای بازاڕی جیهانیی نەوت، بە گرینگترین ئامانجی دانیشتنەکەی ئۆپێک ڕاگەیندراوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، "بیژەن نامدار زەنگەنە" ی وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی چوارشەممە بۆ سەر پێنجشەممە لە کۆی پەیامنێران لە ڤیەنا ڕایگەیاند: " ئێران ڕازییە و لەگەڵ درێژ کردنەوەی ماوەی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێکە بۆ هەر دوو خولە شەش مانگان یان 9 مانگانەکەیدا."
ئەوەی وا بڕیارە لە سەد و هەفتاد و سێهەمین دانیشتنەکەی ئۆپێکدا وەبەر توێژینەوە و لێکدانەوە بدرێت، درێژ کردنەوەی ڕێککەوتنە لەسەر کەم کردنەوەی ڕادەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک بۆ خولێکی شەش یاخود 9 مانگان. پێدەچێ ئەندامانی ئۆپێک ڕێککەوتن لەسەر دابەزاندنی ئاستی هێنانەئارای نەوت تا کۆتایی ساڵی 2018 بە هاوڕێیەتی غەیرە ئۆپێکییەکان درێژ بکەنەوە. پێش ئەمە هاوڕێیەتی ئەندامانی ئۆپێک و غەیرە ئۆپێک و دیپلۆماسی ئەرێنیی نەوتی ئێران لە ئەنجامدا بووە هۆی ڕێککەوتنی مێژوویی لەسەر دابەزاندنی ئاستی هێنانەئارای نەوت لە نۆڤەمبەری 2016دا. ئەم ڕێککەوتنە، هەتا ڕادەیێک پاوەجێی و سەقامی گەڕاندەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکانی نەوت و گرینگتر لە هەموو شتێک کۆماری ئیسلامیی ئێرانی جیاواز کردەوە لە گەڵاڵەی دابەزاندنی ئاستی هێنانە ئارای نەوت. "دیپلۆماسی نەوتی"ی ئێران وڵاتانی دیکەی ئەندامی ئۆپێکی ڕازی کرد کە تاران بە مەبەستی دەستەبەر کردنی جێ و شوێنی ڕاستەقینەی خۆی لە ئاستی بازاڕی جیهانیی نەوت کە بە هۆی بایکۆتە نایاساییەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا لە قیسپ چووبوو، نەچێتە ڕیزی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییەی ئۆپێک.
ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی بنێری نەوت (ئۆپێک) لە جڤینی 30ی نۆڤەمبەری 2016 لە ئەنجامی بیروڕاگۆڕینەوەیان ، بڕیاریان دا ڕادەی بەرهەمهێنانی خۆیان بگەینن بە ئاستی 32 ملوێن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا و ئەمە بە مانای کەم کردنەوەی ڕۆژانە 1 ملوێن و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی ئۆپێکە. پاش ئەم ڕێککەوتنە گرینگە، بەرهەمهێنەرانی غەیرە ئۆپێکیش لەگەڵ ئۆپێک ڕێککەوتن کە ڕۆژانە نزیک بە 600 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر بەرهەم بێنن. لەم نێوەدا ڕووسیا بە بەڵێنداری لەمەڕ دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕادەی 300 هەزار بەرمیل، گەورەترین بەرهەمهێنەری غەیرە ئەندامی ئۆپێکە.