پێداگریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر داکۆکیی هەموو لایەنەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ( ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک)ی بە مەسەلەیەکی ڕوون زانی و وتی: هەموو لایەنەکان دەبێ یارمەتیدەر بن بۆ پشتیوانی و درێژەپێدرانی ئەم ڕێککەوتنە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا لە نیۆیۆرکەوە، "ستێفان دوجاریک" ڕۆژی دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسی خۆیدا بە وشداریدان بەرامبەر بە مەترسییەکانی لادان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: بە بڕوای سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک ، یەکێک لە گرینگترین دەسکەوتە دیپلۆماتیکەکانی ساڵانی ڕابردوویە و هەموو لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە دەبێ ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ پشتیوانی کردن و درێژە پێدرانی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشکاوانە رایگەیاند: بەرجام ڕێککەوتنێکی نێودەولەتییە کە ناکرێ یەکلایەنە وەلا بنرێت.
عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ "یوکیا ئامانۆ"ی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی وشداری دابوو سەبارەت بە دواهاتەکانی بەڵێنشکێنی و بنپێ کرانی شیمانەیی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی نێو ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە.
ساڵحی لەم وتووێژەدا پێی داگرت: بێتوو ئەمریکا ئەرک و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە بەڕێکەوتنی ئەتۆمی بەجێ نەهێنێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەندێ بڕیار دەدات کە دەتوانی کاریگەری دانێتە سەر ڕەوتی ئێستای هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی.
پاش ئەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک ( بەریتانیا، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەدوە گەیشتە قۆناغی جێبەجێ کرانەوە، دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ئەم گرووپە بەردەوام لە جێبەجی کردنی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بەڵێنشکێنی کردووە.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام جەختیان کردووە ؛ ئێران تا ئەو کاتەی پێبەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەمێنێتەوە کە سوود و قازانجی بەنسیب بێ و بێتوو بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش سوودی بۆی نەبێ، پێبەند بوون بەو ڕێککەوتنە بە پێویست نازانێ.