لاوروف: ڕۆژاوا دیسانیش بێ هیچ سەنەدوبەڵگەیەک پەلاماری کردەسەر سوریا
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئیدانەکردنی پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا ، بەریتانیا و فەرەنسا وتی : ڕۆژاوا دیسانیش بێ هیچ سەنەد وبەڵگەیەک و تەنیا بە پشت بەستن بە هەواڵی میدیاکان دەستیان دایە هەڵمەتی سەربازی بە دژی سوریا .
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سێرگێئی لاورۆڤ ڕۆژی شەممە لە پرێس کۆنفرانسی ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوەیی و بەرگری ڕووسیا دا وتی : جێگەی داخ و پەژارەیە کە وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ پاسادانی پەلامارەکانیان لە زانیاری میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرن.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: ڕۆژاواییەکان ئەوکارەی کە چوارەمی ئاڤریلی 2017 لە خان شێخوونی ئەدلیب ئەنجامیان دا و وتیان پەلاماری شیمیایی کراوە، ئەمڕۆ لە دوومای غووتەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق ئەنجامیان دا و بەمبیانووەش پەلاماریان کردە سەر سوریا .
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وێڕای ئاماژەدان بە ئیدیعای ئێمانۆئێل مەکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە بوونی سەنەدوبەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەمەر کەڵک وەرگرتنی سوپای سوریا لە چەکی شیمیایی لە شاری دوما وتی : ولادیمیر پوتین دوو ڕۆژ لەمەوبەر داوای لە مەکرۆن کرد بەڵگەکانی پێشکەش بکات بەڵام ناوبراو بەڕاگەیاندنی ئەوەی ئەو بەڵگانە نهێنین، پیشانی نەدا.
لاورۆڤ پێداگری کرد : ڕووسیا لە ڕیزی یەکەم وڵاتانێکە کە داوای وەستانی کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی کرد و ئیدانەشی کردووە.