ڕەخنەی توندی وەزیری ئابووریی فەرەنسا لە هەنگاوی دژە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ترەمپ
وەزیری ئابووریی فەرەنسا بە داخ و مەخابن دەربڕین بەرامبەر بە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک ڕاشکاوانە رایگەیاند : ئەوەی کە واشینگتۆن بیهەوێ ببێ بە ژاندارمی ئابووریی جیهان بە هیچ لەونێ پاساوهەڵگر نیە
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرەنسا؛ "برۆنۆ لۆمەر" وەزیری ئابووریی فەرەنسا ڕۆژی چوارشەممە بە ئاماژە بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ بایکۆت کردنی ئەو کۆمپانییە ئەورووپاییانەی کە سات و سەودای بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە، وتی؛ ئەو کردەوەی ترەمپ کە بەرەوڕووی نەیارەتیی هەموو واژۆکەرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بوویەوە، هەڵەیەکەی یەکجار گەورەیە لەبەر ئەوەی کە ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بواری سیاسی، سەربازی و تەنانەت ئابووریەوە دەخاتە مەترسییەوە.
لومەر وتیشی: لە دوو ساڵی رابردوودا ، ڕادەی بازرگانیی فەرەنسا لەگەڵ ئێران سێ هێندە زیاتر بووە و ئەوەی کە کۆمپانییە فەرەنسییەکان بەرەوڕووی بایکۆتەکانی ئەمریکا ببنەوە، بۆ پاریس جێی نیگەرانییە و کێشە و گرفتی زۆری بە دواوە دەبێ.
وەزیری ئابووریی فەرەنسا رایگەیاند کە لەم بارەوە بەم زوانە لەگەڵ هاوتایانی ئەورووپایی خۆی وتووێژ دەکات.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد؛ ئەو کردەوە یەکلایەنەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێنج وڵاتی دیکەی واژۆکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان داکۆکی و پشتیوانی خۆیان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە دەربڕیوە. ترەمپ هەروەها هەڕەشەی کرد لە هەموو لایەنە بازرگانییەکانی ئێران کە بەرەوڕووی بایکۆتیان دەکات.
ژمارێک لە مێدیاکان باسی ئەوە دەکەن دەوڵەتی فەرەنسا رایگەیاندووە ئەگەری زۆرە ئەم وڵاتە بێتوو کۆمپانییە فەرەنسییەکان لە لایەن ئەمریکاوە بایکۆت بکرێن، دژ بە ئەمریکا لە ڕێکخراوی جیهانیی بازرگانی سکاڵا بەرز بکاتەوە.