حوزه‌یران 29, 2018 19:59 Asia/Tehran
  • یەکێتیی ئەورووپا بایکۆتەکانی دژی ڕووسیای درێژ کردەوە

سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا ، بایکۆتە ئابوورییەکانی دژی ڕووسیایان بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژ کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرانسا، سەرکردەکانی ٢٨ وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی پێنج شەممە لە دانیشتنەکەی برۆکسێڵ لەگەڵ درێژ کرانەوەی بایکۆتە ئابوورییەکانی دژی ڕووسیا ڕەزامەندیان دەربڕی.

ئەم بایکۆتانە کەرتە ئابوورییەکانی ڕووسیا لەوانە سات و سەودای نەوتیی ئەم وڵاتە دەگرێتەوە.

کاربەدەستێکی ئەورووپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە: سەرکردەکانی ئەورووپا دوای باس و وتووێژێکی بەرفراوان سەبارەت بە کێشەی ئۆکرانیاو ڕێککەوتنی مینسک ئەم بڕیارەیان داوە.

ڕێککەوتنی ئاشتیی مینسک بۆ کۆتایی ھێنان بە تێکھەڵچوونەکانی نێوان دەوڵەت و نەیارانی ڕۆژھەڵاتی ئۆکرانیا ، کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بە نێوەندگریی یەکێتیی ئەورووپا و پشتگریی مۆسکۆ بەدی ھات و پاشان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ لەژێر ناوی ( مینسکی دوو) پیاداچوونەوەی بۆ کرا، کەچی ھەردووک لای تێکھەڵچوونەکان پێشێلیان کرد.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەورووپا وایان بڵاو کردووەتەوە کە لە بەیاننامەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسێڵ، باسی داکەوتنی فڕۆکەیەکی ڕێڤینگ بەری مالێزی لە ساڵی ٢٠١٤ بە بەرزایی ئاسمانی ئۆکرانیاشیان تاوتوێ کردووەو داوا لە ڕووسیاش کراوە کە بەرپرسایەتیی خۆی لە ھەمبەر ئەم کارەساتەدا ڕاپەڕێنێ و بۆ لەقاودان و ڕوون بوونەوەی ڕووداوەکەو دامەزراندنی دادگەری ، ھاوکاری بکات.

 

سەرپەیڤ