سەرۆک وەزیرانی نوێی پاکستان سوێندی خوارد
عەمران خان، سەرۆکی پارتی تەحریکی ئینسافی پاکستان کە لەلایەن نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانیی ئەو وڵاتە وەک بیست و دووهەمین سەرۆک وەزیرانی پاکستان هەڵبژێردرابوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە کۆشکی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی پاکستان سوێندی خوارد.
بەپێی ڕاپۆری ڕادیۆ ئۆردوی کەناڵی سەحەری ، لە دانیشتنی دوێنێ هەینی ئەنجومەنی نیشتمانیی پاکستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە، عەمران خان وەک کاندیدای پارتی سەرکەوتووی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەم دواییە(تەحریکی ئینساف) ، محەممەد شەهباز شەریف لە پارتی موسلم لیگ(لقی نەواز) کاندیدای پارتی نەیاران پێکەوە کەوتنەڕکابەریی.
لەدانیشتنی ئەنجومەنی نیشتمانیی پاکستان، عەمران خان ١٧٦ و شەهباز شەریف ٩٦ دەنگی نوێنەرانی پەرلەمانیان بەدەست هێنا.
نوێنەرانی پارتی خەڵک(PPP) ش لەو دەنگدانەدا بەشدار نەبوون.
پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستان، پارتی تەحریکی ئینساف بەڕێبەریی عەمران خان ی وەک سەرکەوتووی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی٢٥ی ژوولای٢٠١٨ ی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندبوو.
تەحریکی ئینسافی پاکستان، ١١٤کورسیی ئەنجومەنی نیشتمانی لە کۆی٣٤٢کورسیی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بەخۆتەرخان دا.
پارتی موسلم لیگ لقی نەوازیش ٦٢کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا.