ئاب 28, 2018 17:21 Asia/Tehran
  • داخوازی شاندی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ دادگایی کرانی سەرکردەی ئەرتەشی میانمار

شاندی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان داوای دادگایی کرانی سەرکردەی گشتیی ئەرتەشی ئەو وڵاتەی کرد لە پەیوەندی لەگەڵ کەتنی هێزە سەربازییەکانی میانمار لە دژی موسڵمانانی ڕۆهینگیا.

مەرزووقی داروسمان، سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان

مەرزووقی داروسمان، سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە میانەی پرێس کونفڕانسێکدا کە بە مەبەستی بڵاو کردنەوەی دوا ڕاپۆرتی ئەو بابەتە، لە ژنێڤ بەرێوە چوو، " ژەنەراڵ مین ئاڤۆنگ هلیانگ " سەرکردەی گشتیی ئەرتەشی میانماری لەگەڵ 5 سەرکردەی دیکەی ئەرتەشی ئەو وڵاتەی لە پەیوەندی لەگەڵ جینۆسایدی موسڵمانانی ڕۆهینگیایی بە تاوانبار ڕاگەیاند و خوازیاری دادگایی کران و سزادانیان بوو.

 

لەم ڕاپۆرتەدا پێداگری کراوە کە ئەرتەشی میانمار کەتنی زۆری لە دژی موسڵمانانی ڕۆهینگیا ڕەخساندووە لەوانە، ئازار و ئەشکەنجە، دەسدرێژی کردنەسەر ژنان و کچان و زۆر شتی دیکە کە هەر بەو هۆیەوە بە هەزاران کەس لەوان، هەر ئێستاکە لەباری دەروونییەوە تەواو شڵەژاون.

ژەنەراڵ مین ئاڤۆنگ هلیانگ  سەرکردەی گشتیی ئەرتەشی میانمار

لە شەستەکانی زایینی بەولاوە کە هێزە سەربازییەکان لە میانماردا دەسەڵاتیان گرتە دەس، بە ئامانجی پاکتاوکردنی هۆزی و بە هاوکاری بووداییە تووندئاژۆەکان، کوشت و بڕ و کۆچ پێکردنی موسڵمانانی ڕۆهینگیایان لە زێدی باوکیی خۆیان دەس پێ کرد. 25ی ئەگۆستی ساڵی ڕابردوو، خولێکی تازە لە تووندوتیژی و لەڕاستیدا قۆناغی دوایی پاکتاو کردنی هۆزیی موسڵمانانی ڕۆهینگیا لە ڤیلایەتی راخین کە لە ڕابردوودا بە ئاراکان دەناسرا، دەس پێ کرا کە بەو هۆیەوە بە دەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون و نزیک بە یەک ملوێن کەسیش لە ماڵ و حاڵی خۆیان پەرتەوازە و ئاوارە بوون .

هەر ئێستا کە نزیک بە 800 هەزار کەس لەوان لە ئۆردووگاکانی نێو وڵاتی بەنگالیا و لە خراپترین دۆخی ژیاندا بەسەر دەبەن. ئەگەر چی کۆڕو کۆمەڵە جیهانییەکان و موسڵمانان، کەتن و جینایەتی هێزە سەربازییەکان و بووداییە تووندئاژۆەکان و لەوانە ئارشین ڤیراتۆی ڕاهیبی تووندئاژۆیان لە میانماردا ئیدانە کردووە بەڵام ئەوان لە ڕێکخراوی نەتەوەکان چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە وەکوو گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەرپرسی دامەزرانی ئاشتی لە جیهان، بۆ ڕزگار کردنی موسڵمانانی ڕوهینگیایی و چارەسەری بنەڕەتیی قەیرانەکەیان کە بەخشینی مافی شارومەندییە لە لایان حکوومەتی میانمارەوە، بەهانایانەوە بڕوات.

حکوومەتی سەربازیی میانمار لە هەشتاکانی زایینی بەم بانگەشەیە کە گوایە هۆزی ڕۆهینگیا، کۆچەری بەنگالیایین، ئەوانی لە دانی مافی شارومەندی بێوەری کرد و بڕوبیانووی پێویستی بۆ ڕاوەدوونانیان لە وڵات دایە دەستی تووندئاژۆەکان.

خۆپیشاندانی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی هەزاران کەس لە موسڵمانانی ئاوارەی ڕۆهینگیا لە ئۆردووگای " کاکس بازاڕ" ی بەنگالیا بە بۆنەی گەیشتنی ساڵوەگەڕیی جینۆسایدیان لە میانمار و ڕەخنە و گازندەی تووند لە ئاوڕنەدانەوەی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە کیشەکانیان، پیشان دەدات کە ئەم ڕێکخراوەیە جگە لە دەرکردنی ڕاپۆرتێک لەمەڕ بە تاوانبار ناساندنی حکوومەت و هێزە سەربازییەکانی میانمار لە پەیوەندی لەگەڵ قەڵاچۆ و پەرتەوازە بوونی موسڵمانانی ڕۆهینگیا، چیدی هەنگاوێکی دیکەی هەڵنەگرتووە.

هەر بەم هۆیەوە 132 نوێنەری پەرلەمانەکانی 5 وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هاوکات لەگەڵ ساڵەهاتی جینۆسایدی موسڵمانانی ڕۆهینگیا لە ڤیلایەتی ڕاخینی میانمار لەلایان ئەرتەش و بووداییە تووندئاژۆەکانەوە، خوازیاری لێکدانەوە و ئاوڕدانەوە بوون لە جینایەتەکانی ئەو وڵاتە لە دژی موسڵمانانی ڕۆهینگیایی لە دیوانی نێودەوڵەتیی سزاداندا.

 

 

 

سەرپەیڤ