May 01, 2019 09:56 Asia/Tehran
  • باڵوێزی ھیند لە واشێنگتۆن : بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران زەبر لە جەماوەری ھیند دەوەشێنێ

باڵوێزی ھیند لە واشێنگتۆن ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند: بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێتە ھۆی ھەڵکشانی نرخی نەوت و بەرز بوونەوەی ئاستی ھەڵاوسانی ئابووری لە ھیند کە دیارە ئەمەش ژیانی جەماوەری ھیند تووشی تەنگژە دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا ، « ھارش واردھان شرینگلا-Harsh Vardhan Shringla » باڵوێزی ھیند لە واشێنگتۆن وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ھیند لەپاش چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، پێی داگرت: ھەوڵەکانی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ بایکۆتی نەوتیی ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لە سەر ئابووریی ھیند.

« ھارش واردھان شرینگلا-Harsh Vardhan Shringla » بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پاڵاوگەکانی ھیند بۆ چالاکی لە سەر نەوتی ئێران ڕێکمەند کراون و ناشێ بۆ پاڵاوتنی چەشنێکی دیکەی نەوتی خاو بیانگۆڕین، وتیشی: بەکار ھێنانی ئامێرانەی ھیند بۆ گوشار خستنە سەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە گونجاو نییەو لەوانەیە دەرەنجامی بە پێچەوانەشی لێ بکەوێتەوە.

«سوشما سواراج» وەزیری کاروباری دەرەوەی ھیندیش لەم دواییەدا لە وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ «مایک پەمپێئۆ»ی ھاوتای ئەمریکیی خۆی وێڕای داوا کردنی بەخشڕانی نیودلھی لە بایکۆتە نەوتییەکانی ئێران، پێی داگرتبوو، دیاری کردنی جێگرەوەیەکی دیکە بۆ نەوتی ئێران کارێکی ئاسان نییە.

دەوڵەتی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی دووشەممەی حەوتەی ڕابردوو  لە درێژەی ھەنگاوەکانی دوژمنکارانەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئیدی بەخشینی بایکۆتەنەوتییەکان بۆ کڕیارانی نەوتی ئێران درێژ ناکاتەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا «مایک پەمپێئۆ» وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە واشێنگتۆن بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بەخشینانە بەنیازە ناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە ئاستی سیفر.

ئەو ھەنگاوەی ئەمریکا لەگەڵ ئیدانەکردنی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەو ڕوو بووەتەوە. زۆرێک لە وڵاتان لەوانە چین، عێراق، ڕووسیاو ھیندو تورکیا ڕایانگەیاندووە کە پەیڕەوی لەو خواستەی ئەمریکا ناکەن .

ئەمە یەکەم جار نییە کە ئەمریکا بەڵێنی سیفرکردنی ئاستی ھەناردەی نەوتی ئێرانی داوە. دەوڵەتی ترەمپ لەپاش کشانەوە یەک لایەنەکەی لە ڕێککەوتنی بەرجامیش بەڵێنی دابوو کە ناردەی نەوتی ئێران ھەتا بەرلە ڕاپەڕێندرانی بایکۆتەکان دەگەیەنێتە ئاستی سیفرو کەچی پێی نەکرا.

 

سەرپەیڤ