گۆتریش: ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دەبێ بپارێزرێت
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان خوازیاری پارێزرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام بوو .
« فەرحان حەق» وتەبێژی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە گێڕانەوە لە «ئانتۆنیۆ گۆتریش» سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە ، ڕایگەیاند: ناوبراو بەردەوام ڕێککەوتنی بەرجامی وەک دەستھاتێکی گرینگ لە بواری دیپلۆماسیی جیھانی دا چاوی لێ دەکات کە یارمەتیی پارێزرانی ئاشتی و ئاسایشتی ناوچەکەی داوە.
دوابەدوای کارشکێنییەکانی ئەمریکا لە ھەمبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و خاوجوڵانەوەو خەمساردیی لایەنە ئەورووپییەکانیش لە بارەی ڕاپەڕاندنی بەڵێنە بەرجامییەکانیان، حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە پێی داگرت کە: ئێران ئاستی پێبەند بوونی بە بەڵێنەکانی لە بەرجام دا دادەبەزێنێ.
«سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانیش شەوی پێنج شەممە وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەتائێستا لە بەرجام نەکشاوەتەوە،جەختی کرد: بەڵام کشانەوە لەم ڕێککەوتنە لە بەرنامەی دای ەو ئەم کشانەوەیەش قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەگڕێت. ناوبراو پێشی داگرت،ھیچ وڵاتێک ھەتا ئەم ساتە ناتوانێ ئێران بە کشانەوە لە بەرجام و یان پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنە تۆمەتبار بکات، چونکو تەواوی ھەنگاوەکانی ئێران لەوانە ھەنگاوە تازەکانیشی ھەر لە چوارچێوەی بەرجام دا بووە.
لە چوارچێوەی دابەزاندنی بەڵێنەکانی نێو بەرجام، ئێران فرۆشتنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراو پاشەکەوتی ئاوی قورسی ڕاگرتووەو ئەم بڕیارەش بۆ ماوەی شەست ڕۆژ دەبێت ھەتا ئەورووپییەکان بەڵێنەکانی خۆیان لە ڕێککەوتنی بەرجام دا جێبەجێ بکەن.
داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای ٢٠١٨ بە دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران ، بە شێوەیەکی یەک لایەنە وێڕای پێشێلکردنی ئەرکەکانی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی بەرجام دا لەم پەیمانە نێونەتەوەییە کشایەوەو گەڕانەوەی بایکۆتەکانی دژی ئێرانی ڕاگەیاند.
ھەر لەم پەیوەندییەدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە دوا ھەنگاودا ڕۆژی چوارشەممەی ئەم حەوتەیە باڵوێزانی وڵاتانی ھەنوکە ئەندامی ڕێککەوتنی بەرجام داگری بریتانیاو ئاڵمانیاو فەرانساو ڕووسیاو چینی بانگێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرد و نامەی حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامییان لە لایەن «سەیید عەبباس عەراقچی» یاریدەری سیاسیی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانەوە ڕادەست کرا.
جێگای ئاماژەیە لەو نامەیەدا باڵوێزانی وڵاتانی ھەنوکە ئەندامی ڕێککەوتنی بەرجام لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران سەبارەت بە ھەڵپەساردنی کۆمەڵێک لە ئەرکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجام ئاگادار کرانەوە.