پشتگریی ڕووسیا لە ڕێگاچارەی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا
وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لە سەر پێویستیی چارەسەر کرانی قەیرانی سووریا لە ڕێگای سیاسییەوە پێی داگرت.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕووسیا ئەلیەوم، «سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی ھەینی لە دیدارێکدا لەگەڵ «خیر پێدێرسین» نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند:ئێمە لە ڕێگای دانوستانەوە بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا ناسراو بە ڕەوتی ئاستانە بە شێوەیەکی تەواو چالاکانە لەگەڵ ڕێکخراوەی نەتەوەکاندا ھاوکاری دەکەین.
«سێرگێئی لاڤرۆف» وتیشی: ڕووسیاو تورکیاو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر ھەوڵەکانیان بۆ دەست ڕاگەیاندن بە ئاشتییەکی پاوەجێ لە سووریادا بەردەوام دەبن.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەدا لە سەر پێویستیی لەنێوچوونی تیرۆریزم لە سووریاو دەست ڕاگەییشتن بە ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی ئەم وڵاتە بە پێی بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٥٤ی ڕێکخراوەی نەتەوەکان پێی داگرت.
لە بەرامبەردا «خیر پێدێرسین» نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریاش وتی: بناغەی ھاوکاریی نێوان ئێمەو پابەند بوونمان بە بڕیارنامەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەو وەلانانی بڕیارگەلی سەربازی و چەکدارانە.
بە قسەی ناوبراو لێژنەی یاسای بنەڕەتیی سوورسا دەبێتە دەرکەیەک لە ڕووی چارەسەر کرانی کێشەو قەیرانی سووریاو لایەنەکانی ھاوپەیوەند لە پێکھاتنی یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتە نزیک بوونەتەوە.
دانوستانەکانی ئاستانە لە ژانویەی ٢٠١٧ لە سەر دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە ھاوکاریی ڕووسیاو تورکیاو بە مەبەستی دامەزراندنی ئاشتی لە سووریا دەستی پێ کراوەو ھەتا ئێستا ١٢ خولی ئەم دانوستانانە بەڕێوە براوە
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 بە هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆریستانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە پشتیوانییان لێ دەکرێت، سەری هەڵدا. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هەتاکوو ئێستا سەدان هەزار کەس کوژراون و یان بریندار بوونەو ملوێنان کەسیش ئاوارەو هەڵوەدا کراون.