پەسەندکرانی پڕۆژیاسای هەراسازکەر لەدژ موسڵمانان لە ئەنجومەنی پیرانی هیند
ئەنجومەنی پیرانی هیند(راجیا سابا) پڕۆژەیاسایەکی هەراسازکەری لەدژ موسڵمانان پەسەند کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی رۆیتەرز، ئەنجومەنی پیرانی هیند رۆژی چوارشەممە پرۆژەیاسای درانی مافی هاووڵاتیبوون بە کەمینە ناموسڵمانەکانی وڵاتانی دراوسێی پەسەند کرد.
بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایە کە ئێستا بووە بە یاسا، مافی هاووڵاتیبوون و مافی شارومەندیی دەدرێ بەو کۆچبەرانەی ناچار دەبن لە وڵاتانی دراوسێوە ڕووبکەنە هیند، بەڵام یاساکە موسڵمانان ناگرێتەوە.
پارت و لایەنە نەیارەکان لە هیند دەڵێن: ئەو کردەیە بەشێکە لە سیاسەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری "بهاراتیا جانانا"یان "بی جی پی" بۆ خستنەپەراوێزی موسڵمانان.
بەرلەوەش، هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە لە ئەیالەتەکانی ئاسام، بەنگالی رۆژاوایی و هەروەها شاری"دێهلی نوێ"ی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو پرۆژە بڕیارە خۆپێشاندانی دژە حکومەتیان بەڕێوە برد.
"عیمران خان" سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش ئەمڕۆ چوارشەممە وێڕای ڕەخنەگرتنی توندی لە سیاسەتەکانی دێهلی نوێ دژ بە موسڵمانان، وتی: پەسەندکرانی ئەو پرۆژە یاسایە بەمانای خستنەپەراوێزی موسڵمانان و داکۆکی لە هیندووە توندڕەوەکان لە کۆمەڵگای هیندە.