بڕیارنامەی لێپێچینەوە لە تڕەمپ واژۆ کرا
ئەنجام کونگرێسی ئەمریکا لە پاش چەند حەفتە لێکۆلێنەوە، دەنگی ئەرێی دایە گەڵاڵەی لێپێچینەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە.
بە پێی ئەو بڕیارەی وا ڕۆژی چوارشەممە 18ی دێسەمبەری 2019 لە کۆنگرێسی ئەمریکا درا، ترەمپ وەکوو سێهەمین سەرۆک و یەکەم سەرۆکی کۆماریخوازی ئەمریکا لێپێچینەوەی لێ دەکرێت. دوو تۆمەتی هەڵواسراو لە ترەمپ بریتین لە کەڵك وەرگرتنی نابەجێ لە دەسەڵات و لەمپەرنانەوە لەبەردەم ئەرکەکانی کونگرێس، کە هرکامەیان بە ڕیز بە 230 و229 دەنگ پەسەند کران. ئەوە لە حاڵێکدایە کە دیمۆکراتەکان لە کونگرێس 223 دەنگیان هەیە و سەرجەم دەنگە کۆکراوەکان باسی ئەوەی دەکەن کە تاقمێک لە دیمۆکراتەکان لەگەڵ لێپێچینەوەی ترەمپدا نەبوون.
ئێستاکە و بە یەکلایی بوونەوەی ڕەوتی لێپێچینەوەی ترەمپ لە کۆنگرێس، ئێستا ئیدی نۆرە دەگاتە سێنا هەتا بە بەڕێوەبردنی دادگایێک تۆمەتەکان تاووتوێ بکات. بەو حاڵەشەوە، ئەمەگدارغی تۆکمە و تەواوی کۆماریخوازان بە ترەمپ لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە تاوانبار بوونی سەرۆکی ئەمریکا و دواتر وەلانرانی ، لە سێنای ژێر کۆنترۆڵی کۆماریخوازەکان لەلایان دوو لە سێی سێناوە پەسەند نەکرێت. دیمۆکراتەکان بۆ وەلانانی ترەمپ پێویستیان بە لانیکەم 20 دەنگی سێناتۆرە کۆماریخوازەکان هەیە، لە حاڵێکدا تەنانەت کۆماریخوازێکیش لە کۆنگرێسدا دەنگی نەدایە لێپێچینەوەی ترەمپ.
بەهۆی ئەوەی کە لێپێچینەوەی ترەمپ یەکەم لێپێچینەوەی مێژووی ئەمریکایە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی سەرۆک کۆمارێکی ئەو وڵاتە، بۆیە دەرەنجامەکەی کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەوەی دووبارەی.
کۆماریخوازەکان هیوادارن هەرچی خێراتر ئەو خەونە ناخۆشە کۆتایی پێ بێت و تەرکیز بکەنە سەر سەرکەوتنی دووبارە لە هەڵبژاردنەکانی 2020، لەحاڵێکدا دیمۆکراتەکان لەهەوڵی ئەوەدان پرسی لێپێچینەوە و تۆمتە هەڵواسراوەکانی ترەمپ هەتا شەوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هەر بەردەوام بکەن و بوار بۆ شکستی ترەمپ و سەرکەوتنی خۆیان خۆش بکەن.
بەو حاڵەشەوە هەتا ڕۆژی دوای کاتی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکان لە مانگی نۆڤومبەری 2020 کە ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرانسەریەکانی ئەمریکا ڕادەگەیندرێت، دیار نیە کە ئاخۆ لێپێچینەوەکەی ترەمپ دەبێتە هۆی شکەستی کۆماریخوازەکان یاخود سەرکەوتنی دیمۆکراتەکان؟