نیسان 21, 2020 12:26 Asia/Tehran
  • داڕمانی مێژوویی نرخی نەوتی ئەمریکا

ڕۆژی بیستی ئاپریلی ٢٠٢٠ لە مێژووی نەوت دا لەبیر ناچێتەوە، ئەو ڕۆژەی کە نرخی سەرەکیی نەوتی خاوی ئەمریکا لە دابەزینێکی کاسکەردا ژمارەی سیفری بۆ ھەر بەرمیلێک تۆمار کرد.

لە کاتێکدا کە بازاڕی جیھانیی نەوت لە ماوەی چەند ڕۆژدا ڕەوتێکی سەرەولێژیی بەرەبەرەی دەپێوا، لە ڕۆژی دووشەممە بیستی ئاپریلی ٢٠٢٠ لەناکاو لە گرێژەنە ترازاو نرخی نەوتی «وێست تێگزاس ئینتێرمەیدێت» ی ئەمریکا بەس لە ماوەی چەند کاژێرێک گەییشتە ژێر ٣٧ دۆلار بۆ ڕادەست کردن لە مانگی مای دا.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە حەوتەیەک بەرلەوە، دوابەدوای بەرپاکرانی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەندامانی ئۆپێک و نائۆپێک ناسراو بە «ئۆپێک بلاس» لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کرا کە وەبەرھێنانی نزیکەی ٢٠ ملوێن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەم بکرێتەوە. سەرباری ئەمەش ئاوا ڕێککەوتنێک نەک ھەر ھەڵکشانی نرخی جیھانیی نەوتی لێ نەکەوتەوە، بەڵکو مۆتەکەی بیستەمی ئاپریلیشی لێ پەیدا بوو.

ھەڵسوڕاوانی بازاڕی نەوت، داڕمانی دەگمەنی زێڕی ڕەشیان بۆ تێکچوونی ھاوسەنگیی نێوان دابین و خازین لە بازاڕەکانی جیھان دا گەڕاندووەتەوە. لە ئێستادا لە لایەکەوە جەنجەڕی ئابووریی جیھان لەبەر پەتای کۆرۆنا کەم تا کورت لە گۆ کەوتووەو لە لایەکی دیکەوە شەڕەنەوتی نێوان دوو ڕۆڵگێڕی گەورەی ئەم بوارە واتە ڕووسیاو عەرەبستان بازەڕەکانی لەگەڵ زێدەنەوتێکی دەگمەن دا بەرەوڕوو کردووەتەوە.

کۆرۆنا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو وایکردووە ھەتا ئاستی چالاکیە ئابوورییەکان لە سەرتاسەری جیھان بە توندی دابەزێت و خازین بۆ  سووتەمەنیی فوسیلی بگاتە کەمترین ڕادەی خۆی لە ماوەی دەیەکانی ئەم دواییە.

ئاسۆی سەرھەڵدانی کورتھێنانی جیھانی لە ماوەی نەوەد ساڵی ئەم دواییە گەلێک لە کڕیارانی زەبەنی نەوتی توشی پارێز کردووە و ھەر ئەمەش گوشاری سەر وەبەرھێنەرانی بۆ دابەزاندنی ھەرچی زیاتری نرخەکان پەرە پێ داوە.

سەرباری ئەمەش وەبەرھێنەرانی زەبەنی نەوتیش بە پێچەوانەی جاران، بەلۆعەی نەوتەکانیان کردووەتەوە ھەتا بازاڕەکان نوقمی زێدەنەوت بکەن. بڕیاری درەنگ وەختی ئەندامانی ئۆپێک لە ماوەی حەوتەی ڕابردووش نەیتوانی پێش بەو حەپەسانە دەگمەنەی بازاڕەکان بگرێت. لە ئەنجام دا نرخی سەرەکیی نەوتی خاوی ئەمریکا لە دابەزینێکی کاسکەردا گەییشتە ژێر چل دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. بە واتایەکی دیکە وەبەرھێنەرانی نەوت لە ئەمریکا لە بەر پڕ بوونی ھەمارەکانی ڕاگرتنی نەوتە وەبەرھاتووەکان، ناچارن بڕەپارەیەکیش بە کڕیاران بدەن ھەتا نەوتەکانیان بگوازنەوە، ئەگینا ناچارن لە بەر ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان زیانێکی قورستر قەبووڵ کەن.

کاریگەریی ئەم داڕمانەی نرخی نەوت بۆی ھەیە لە سەر ئابووریی وڵاتانی وەبەرھێنی گەورە لەوانە ئەمریکا گران بکەوێت.

لەگەڵ ئەمەش دا ئابووریی کۆرۆنا وێکەوتووی جیھان لەگەڵ گرفتێکی لەوە گەورەتردا بەرەوڕووە کە بە ڤیدیۆکۆنفرانسێکی تاقمی ئۆپێک پلاس و چەند توییتێکی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەھوەن بێتەوە.

لە ئێستادا چاوەڕوان دەکرێت کە بە داڕمانی نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا، لە بازاڕەکانی دیکەی ھاوپەیوەند بەم کاڵا ستراتژییەش بوومەلەرزەیەک سەر ھەڵ بدات. ھەر چەند لەوانەشە لە ماوەی ڕۆژانی داھاتوو ئەم داڕمانە دەگمەنەی نەوت قەرەبوو بێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کاریگەرییە دەروونییەکەی مۆتەکەی بیستەمی ئاپریلی ٢٠٢٠ بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە.

سەرپەیڤ