حوزه‌یران 14, 2020 13:31 Asia/Tehran
  • بەهۆی کوژرانی ڕەشپێستێکی دیکە لە شاری ئەتلانتا سەرۆکی پۆلیس دەستی لەکارکێشایەوە

بەهۆی کوژرانی خۆپیشاندەرێکی ڕەشپێستی دیکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسی پۆلیسی شاری ئەتلانتا لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا دەستی لەکارکێشایەوە، ئەویش دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان توندتربوون و داوای هەڵوێستوەرگرتنیان کرد.

 

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی بی بی سی، ڕۆژی هەینی ڕایشارد برووکز، کە هاووڵاتییەکی ڕەشپێستی دانیشتووی شاری ئەتلانتایە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا بە گوللەی پۆلیس کوژرا.

ڕۆژی شەممە، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕێگەیەکی سەرەکییان لە شارەکە داخست، چێشتخانەی وێندزیش کە برووکزی لەبەردەمدا کوژرابوو، سووتێنرا.

پارێزگاری شارەکە، کێیشا لانس بۆتۆمز ڕایگەیاند، "بەهۆی ویستی ئەتلانتا بۆ بوونی بە مۆدێلێکی پڕمانای ڕیفۆرم، کە لە سەرتاسەری وڵاتدا چاوی لێبکرێت، بەرپرسی پۆلیسی شارەکە هەنووکە وازی لە پۆستەکەی هێناوە، تاوەکو شارەکە بەرەو پێش بڕوات و متمانە دروستبکاتەوە، کە لە ئێستادا زۆر پێویستی بە بونیاتنانەوەی هەیە".

 

چەند هەفتەیەک لەمەوپێش، خۆپیشاندانەکان دژی مردنی جۆرج فلۆیدی ڕەشپێست لەژێر دەستی پۆلیسی مینیاپۆلیس، لە ژمارەیەک ویلایەتی ئەمریکا بە دروشمەکانی "ژیانی ڕەشپێستیش گرنگە"، "ناتوانم هەناسە بدەم" و "نە ئاشتی هەیە و نە دادگەری" دەستیان پێکرد، لەوانەش واشنتن دی سیی پایتەخت.

 

جۆرج فلۆید پیاوێکی ڕەشپێستی تەمەن 46 ساڵە و دوو ڕۆژ لەمەوپێش لە شاری مینیاپۆلیس دەستگیرکرا. پۆلیس بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە کاتی دەستگیرکردنی بەرگریکردووە.

 

لە ڤیدیۆیەکدا ئەوە دەبینرێت ئەفسەرێکی پۆلیس ئەژنۆی چەقاندووەتە ملی فلۆید، کە لەژێر چۆکیدا چەندینجار وتوویەتی، "ناتوانم هەناسە بدەم".

Image Caption

 

بەهۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئەمریکاوە، وەک هاوخەمی و بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی لە جیهان، خۆپیشاندەران لە چەندین وڵاتی وەک فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و مەکسیکیش ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

سەرپەیڤ