ئاب 11, 2020 22:05 Asia/Tehran
  • تۆمارکرانی ڤەکسینی ڕووسیی کۆرۆنا

«ڤلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاند: ڕووسیا یەکەم وڵاتی جیھانە کە ڤەکسینی کۆرۆنای تۆمار کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی سپۆتنیک، «ڤلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئەمڕۆ سێ شەممە لە نێو کۆڕی ئەنجومەنی وەزیراندا وێڕای ئاماژە کردن بە تۆمار کرانی یەکەم ڤەکسینی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی دا ڕایگەیاند: ئەم ڤەکسینە بەھاوبەشی لە لایەن دامەزراوەی توێژینەوەی «گامالیا» و وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیاوە بەرھەم ھاتووەو تاقیکردنەوەشی ١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٠ دەستی پێ کرا کە ھەر ٣٨ خۆبەخشەکە لە بەرامبەر نەخۆشییەکەدا دەستەبەر کران.

وەزیری تەندروستیی ڕووسیاش لە کۆبوونەوەکەدا وتی: ڤەکسینی کۆرۆنا  دامەزراوەی توێژینەوەی «گامالیا» لە سەر پلەتفۆڕمێکی دیاری دروست کراوەو بڕیارە ھەر بە گوێرەیەوە شەش ڤەکسینی دیکەش دروست بکرێت.

بەرلەمە وا بڵاو کرا بووەوە کە ئەنجومەنی نێونەتەوەیی ڕێکخراوە توێژینەوەییەکان ( AOKI ) پێشنیاری بە وەزارەتی تەندروستیی ڕووسیا کردووە کە تۆمار کردنی یەکەم ڤەکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەتا تۆکمە بوونی سەرکەوتووانەی قۆناغی سێھەمی تاقیکردنەوەکەی وەدوا بخات و پەلەی لێ نەکات.

کاربەدەستانی بەرپرسی ڕووسیاش لە وەڵامی داخوازییەکەدا ڕایانگەیاند بوو کە پێشنیارەکەی ئەو ڕێکخراوەیە لە بەر بێ ئاگا بوونی لە دەرەنجامی توێژینەوەکانە.

دەوڵەتی ڕووسیا بۆ بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی حەوتەکانی ئەم دواییە لە چەند نۆرەدا ڕاپەڕاندنی کەرەنتینی خستووەتە نێو بەرنامەوە.

سەرپەیڤ