شوبات 09, 2023 07:43 Asia/Tehran
  • پاپا داوای هاوپشتی لەگەڵ قوربانیانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سوریای کرد

ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیهان داوای هاودەنگیی نێودەوڵەتی لەگەڵ تورکیا و سوریای کرد، ئەمەش دوای دوو ڕۆژ لەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە بووەتە ھۆی گیان لەدەست دانی زیاتر لە نۆ هەزار و 500 کەس.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فرانس پرێس، «پاپا فرانسیس»، ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی وتاری گشتیی حەوتانەی خۆیدا لە ڤاتیکان وتی، "سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە خۆیان بە پابەندی هاوکاری و فریاکەوتن دەزانن و هانی هەمووانیش دەدەم  ھەتا لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە بەشێکیان لە شەڕێکی درێژخایەندا لەنێوچووە، هاودەنگی نیشان بدەن.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، وەرن با پێکەوە دۆعا بکەین بۆ ئەوەی ئەم خوشک و برایانە لە بەرامبەر ئەم کارەساتەدا بە سەربەرزی بێنە دەرەوە.

پاپا جەختی لەوەش کردەوە: "بە سۆزەوە دوعا بۆ خەڵکی لێقەوماو دەکەم و هاوخەمیی خۆم بۆ ئەو کەسانەو کەسوکاری قوربانییەکان و هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم کارەساتە وێرانکەرەوە دەناڵێنن دەردەبڕم.

سەرۆکی کلیسای کاسۆلیکی جیھان ڕۆژی دووشەممە بە ناردنی پەیامی پرسەو سەرەخۆشی بۆ ھەردووک وڵاتی سوریاو تورکیا،  ڕایگەیاند، زۆر بە قوڵی بەداخەوەم بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بە گوڕی ٧.٨ پلە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕووی دا.

سەرپەیڤ