شوبات 12, 2023 16:08 Asia/Tehran
  • کرانەوەی دەروازەی سنووریی نێوان ئەرمینیا و تورکیا

بۆ یەکەمجار لەماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا دەروازەی سنووریی نێوان ئەرمینیاو تورکیا کرایەوە و باری هاوکاری مرۆڤیی جەماوەری ئەرمینیا ڕەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئیسنا، «واهان هونانیان» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەم وڵاتە لە ڕێگەی سنووری وشکانی «ئالیکان»ەوە هاوکاریی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئەم وڵاتە ناردووە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەرمینیا ٢٧ کارمەندی فریاگوزاریی ڕەوانەی تورکیا و ٢٩ کەسی دیکەشی ڕەوانەی سوریا کرد بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ئەم دوو وڵاتە.

دوابەدوای ناردنی هاوکاریی مرۆیی لە ئەرمینیاوە بۆ تورکیا، «سەردار کیلیچ» نوێنەری تایبەتیی ئەنقەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەرمینیا، سوپاسی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەی کرد و وتی: بۆ هەمیشە هاوریکاریی دەست بڵاوانەی گەلی ئەرمینیامان لەبیر دەمێنێتەوە.

تورکیاش لە ساڵی ١٩٨٨ لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی «ئالیکان»ەوە هاوکاریی مرۆڤیی بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی ئەرمینیا ڕەوانەکردو ئەمڕۆش پێنج بارهەڵگر کە ئاوی خواردنەوە و کەرەستەی خۆراکیان هەڵگرتبوو بەم ڕێگایەدا ئاودیوی تورکیا کران.

تورکیا و ئەرمینیا لە ئێستادا پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمییان نییە و سنووری نێوان ئەم دوو وڵاتە بە پێشنیاری ئەنقەرە لە ساڵی ١٩٩٣وە داخراوە.

سەرپەیڤ