بەهۆی تەقینەوەکانی شاری بەلوچستانی پاکستان ٢٠ کەس کوژران و بریندار بوون
لە دوو تەقینەوەی جیاوازدا لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان لانیکەم ٦ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٤ کەسیش بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی تەسنیم، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی موگناتیسی لە شاری "خوزدار" لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان، دوو پۆلیس گیانیان لەدەستداوە و دوو پۆلیسی دیکەش برینداربوونە.
«فەهەد خۆسا» فەرماندەی پۆلیسی «خوزدار» ڕایگەیاند: تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی موگناتیسییەوە بووە کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە ئۆتۆمبێلی پۆلیسەوە بەستراوەتەوە و بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ تەقیوەتەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە و سێ پۆلیسیش برینداربوون کە یەکێکیان دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
تەقینەوەیەکی دیکە لە بازاڕی «راخنی» سەر بە شاری «بەرخان»ی بەلووچستان ٤ کوژراو و ١٠ برینداری لێکەوتەوە.
«سەجاد ئەفزەل»، ئەفسەری پۆلیسی بەرخان، ژمارەی کوژراوانی پشتڕاستکردەوە و بە "داون نیوز"ی ڕاگەیاند: بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. سەرچاوه ئەمنییەکان ڕایانگەیاند: تەقینەوەکه کاتێک ڕووی دا کە بۆمبایەکی دەستکرد کە لە ماتۆڕێکدا ئاخنرابوو، تەقییەوە.
«میر یونس عەزیز زۆهری» سەرکردەی باڵای کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام و ئەندامی مەجلیسی بەلوچستانی پاکستان، ئەم کردەوە تیرۆریستیانەی شەرمەزار کردووەو وتویەتی:
بەئامانجگرتنی لەشکری و خەڵکی سڤیلی بێتاوان هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتەوایی گشتی و پێویستە دامەزراوە ئەمنییەکان بە سەرکوتکردنی ئەو جۆرە تیرۆرە، پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک مسۆگەر بکەن.