ئه‌یلوول 04, 2023 13:29 Asia/Tehran
  • به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور ماكرۆن حه‌ز ده‌كات زیاتر له‌ دوو خول له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌

ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسا، سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵات له‌ دوو خولی سه‌رۆكایه‌تی به‌ شتێكی ناڕه‌وا هه‌ژمار ده‌كات و حه‌ز ده‌كات زیاتر له‌ دوو خول له‌ سه‌رۆكایه‌تیدا بمێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ده‌ستووری فڕه‌نسا ته‌نیا دوو خولی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ده‌ستنیشان كردووه‌.

به‌پێی ده‌ستووری فڕه‌نسا هه‌ر كه‌سێك ته‌نیا بۆ دوو خولی پێنج ساڵی بۆی هه‌یه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیدا بمێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر باشترین سه‌رۆكیش بێ، ئه‌وا ده‌بێ واز بێنێت و گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ كه‌سێكی تر چۆڵ بكات.

سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ئه‌م یاسایه‌، جۆن لۆك میلانشۆن پاڵێوراوی پێشووی سه‌رۆكایه‌تیی فڕه‌نسا، بۆچوونێكی ماكرۆنی به‌ میدیاكان راگه‌یاندووه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ ناو میدیاكانی فڕه‌نسا قسه‌ی جیاوازی به‌دواوه‌ بوو.

ماكرۆن كه‌ له‌ دووه‌م خولی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدایه‌ و له‌ ساڵی 2027 كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دێت، حاشای له‌م قسه‌یه‌ی نه‌كردووه‌ و گوتوویه‌تی، شتێكی ناڕه‌وایه‌ ته‌نیا دوو خول له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنیته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ''عه‌ره‌بیه‌'' دوای ئه‌وه‌ی ماكرۆن خوله‌كانی ته‌واو ده‌كات، ته‌مه‌نی ده‌بێته‌ 49 ساڵ و به‌مه‌ش ده‌بێته‌ گه‌نجترین سه‌رۆك كه‌ خوله‌كانی ته‌واو كردبێت.

قسه‌كانی ماكرۆن له‌باره‌ی زیادكردنی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن، ره‌خنه‌ی توندی لێ گیراوه‌ و ماكرۆنیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ حه‌زی له‌ دیكتاتۆرییه‌ته‌ و ده‌یه‌وێت بۆ هه‌میشه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌.

 

 

 

سەرپەیڤ