بەردەوامیی خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین لە ئەمریکا و گیرانی دەیان کەس
خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستین لە لۆسانجلێس و نیویۆرک بە داخستنی ڕێگاکانی بەرەو دوو فڕۆکەخانەی پڕهاتووچۆ لە ڕۆژانی قەرەباڵغی پشووی ئەم وڵاتەدا، خوازیاری گرنگیدان بە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە بوون. ژمارێک لە سەرچاوەکان باسی قۆڵبەستکرانی زیاتر لە شەست کەسیان کردووە.
خۆپیشاندەران لەسەر ڕێگای بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لۆسانجلێس و جۆن ئێف کێنێدیی نیویۆرک، بە دانانی بەربەست و تەگەرە، پێشیان گرت بە هاتووچۆ و گەشتکردن بە بۆنەی جەژنەوە. ئەوان بە هەڵگرتنی پلاکارد، داوایان لە حکومەتی ئەمریکا کە یارمەتیی سەربازیی یەکجار زۆری خستۆتە بەردەستی ڕژێمی زایۆنییەوە، کرد کە لە جەنگەی هێرشەکانی ئەم ڕژێمە بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکان، "خۆی دوور بگرێ لە ژینۆساید".
لە ڤیدیۆ و گرتەکانی ئەم خۆپیشاندانە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیا بڵاو کراونەتەوە، دەردەکەوێ کە پۆلیس لە کۆتاییدا بەشداربووان قۆڵبەست دەکات و خەڵکەکەیش بڵاوە پێدەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەکان؛ پۆلیس لە لۆسانجلێس سی و پێنج کەس و لە نیویۆرکیش بیست و شەش کەسی دەستگیر کردووە. ژمارێک لە هەواڵدەرییەکانیش بە گێڕانەوە لە پۆلیسی ئەمریکا ژماری گیراوانیان بە زیاتر لە شەست کەس ڕاگەیاندووە.