وەزیری دەرەوەی فەڕانسە: ئیسرائیل بۆی نیە بۆ داهاتووی کەرتی غەززە، چارەنووس دیاری بکا
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i424317-وەزیری_دەرەوەی_فەڕانسە_ئیسرائیل_بۆی_نیە_بۆ_داهاتووی_کەرتی_غەززە_چارەنووس_دیاری_بکا
وەزیری دەرەوەی فەڕانسە وتی: کەرتی غەززەو لێواری رۆژاوایی دەبێ بەشێوەی یەکپارچەو وەک یەکپارچەییەکی تەواو لەلایەن وڵاتی فەلەستینەوە لە داهاتوودا بەڕێوە بچن.
(last modified 2026-02-14T07:05:55+00:00 )
کانونی دوھەم 07, 2024 11:00 Asia/Tehran

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە وتی: کەرتی غەززەو لێواری رۆژاوایی دەبێ بەشێوەی یەکپارچەو وەک یەکپارچەییەکی تەواو لەلایەن وڵاتی فەلەستینەوە لە داهاتوودا بەڕێوە بچن.

کاترین کۆلۆنا-ی وەزیری دەرەوەی فەڕانسە وێڕای ڕەخنەگرتن لە بانگەوازەکان بۆ کۆچی زۆرەملێی فەلەستینیەکان لە غەززە، وتی: "رژیمی ئیسرائیل مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ داهاتووی کەرتی غەززەی نیە."

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە وێڕای پیداگریی لەسەر ئەوەی کە هەوڵەکان بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێی فەلەستینیەکان بۆ دەرەوەی کەرتی غەززە، گەیشتن بە ڕێگاچارە دژوار دەکا، وتی: کەرتی غەززەو لێواری رۆژاوایی دەبێ بەشێوەی یەکپارچەو وەک یەکپارچەییەکی تەواو لەلایەن حکومەتی فەلەستینیەوە ئیدارە بکرێن."

هاوکات سەرۆک کۆماری فەڕانسەش کە لە سێ مانگی ڕابردوودا بەئاشکرا پاڵپشتی کردووە لە کردەکانی رژیمی زایۆنیستی دژ بە خەڵکی فەلەستین بەتایبەت لە هێرشکردنەسەر غەززە، دانی بەوەدانا کە رەوشی مرۆیی لە غەززە، شپرزەو نالەبارە.

مەکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسی: بە لەبەرچاوگرتنی شپرزەیی بارودۆخ لە کەرتی غەززە، حکومەتەکەی هاوڕێ لەگەڵ ئۆردۆن، گەڵاڵەیەکی دەسپیکردووە بۆ بڵاوکردنەوەو دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە ئاسمانەوە لەنێو دانیشتووانی غەززەدا.